سەردێڕ:

جارێکی دیکە؛ حەماس تەلەئەبیبی بۆردومانکرد

فۆتۆ: 
2021-05-11

6651 جار خوێندراوەتەوە

گروپی چەکداری "قسام" رایگەیاند، سەر لە ئێوارەی ئەمڕۆ هێرشی موشەکییان بۆسەر تەلەئەبیبی پایتەختی ئیسرائیل ئەنجامداوە و تیایدا ١٣٠ موشەکییان ئاراستەی ئەو شارە کردووە.


لەراگەیەندراوێکدا، گروپی چەکداری "قسام" باسی لەوەکردووە، "وەک ئەوەی پەیمانمان دابوو، ئەمشەو هێرشمانکردووەتە سەر تەلئەبیبی پایتەختی ئیسرائیل و ١٣٠ موشەکمان ئاراستەی ئەو شارە کردووە".

ئەو گروپە چەکدارییە فەڵەستینییە ئەمڕۆش بڵاویانکردەوە، کە ١٣٧ موشەکیان ئاڕاستەی شارەکانی عەسقەڵان و ئەسدود کردووە و ئەوەشییان وتووە، کە ئەم هێرشە موشەکییانە لەوەڵامی هێرشە بەردەوامەکانی ئیسرائیلدایە بۆ سەر کەرتی غەززە.

ماوەی چەند رۆژێکە گرژیی و ئاڵۆزییەکانی نێوان فەڵەستین و کەرتی غەززە دەستیپێکردووەتەوە و لەئەنجامی هێرشەکانی سوپای ئیسرائیلیشەوە، تائێستا نزیکەی ٢٨ فەڵەستینی کە ژن ومنداڵیشیان تێدایە؛ کوژراون، سەرباری ئەوەی نزیکەی ٧٠٠ کەسیش بەهۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیلەوە برینداربوون.

هاوکات، لە رۆژی ١٠ی ئەم مانگەشدا پۆلیسی ئیسرائیل هێرشیکردە سەر نوێژخوێنانى مزگەوتى ئەقسا، بەوهۆیەشەوە شەڕ و ئاڵۆزی لەنێوان پۆلیسی ئیسرائیل و نوێژخوێنانی مزگەوتەکە دروست بوو تا ئێستاش بەردەوامی هەیە، لە پێکدادانى دوێنێشدا سەدان هاوڵاتى فەڵەستینى برینداربوون.

گرژییەکانی ئەم جارەی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین ماوەی چەند رۆژێکە لەسەر چەند خانوویەکی گەڕەکی شێخ جەڕاح دەستیان پێکردووەتەوە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی، بە بڕیاری دادگا داوا کراوە چوار ماڵ لەو گەڕەکە چۆڵبکرێن، عەرەبەکانی ئۆرشەلیم "قودس"یش دەڵێن، لەسەر لاشەیان دەتوانن خانووەکانیان لێوەربگرن.