پاش تێپەڕبوونی مانگی رەمەزان و نزیکبوونەوەی وادەی دیاریکردنی یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزان، وڵاتان هەریەکە و بەگوێرەی لیژنەی بینی مانگی وڵاتەکەی بڕیاری دیاریکردنی یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزان دەدات.
ئەمڕۆش پاش تێپەڕبوونی ٢٩ رۆژ لە مانگی رەمەزان، سعودییە وەک وڵاتێکی ئیسلامی و شوێنی روگەی موسڵمانان، بەپشت بەستن بە زانیارییەکانی لیژنەی بینینی مانگ کە لیژنەکە نەیتوانیوە مانگ ببینێت و دادگای باڵای وڵاتەکەی، بڕیاریدا کە سبەینێ چوارشەممە، تەواوکەری مانگی رەمەزانە و رۆژی پێنجشەممەش، کە دەکاتە ١٣ی ئەم مانگە، یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزانی ئەمساڵە.
هەریەکە لە ئیمارات، کوەیت، ئوردون، عێراق و هەرێمی کوردستانیش، بەپشت بەستن بە بڕیارەکانی لیژنەی بینینی مانگی وڵاتەکانیان، بڕیاریاندا کە سبەینێ چوارشەممە تەواوکەری مانگی رەمەزانە و رۆژی پێنجشەممەش یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزانە.
لەوبارەیەشەوە، دیوانی وەقفی سوننی عێراقیش رایگەیاند، بەهۆی ئەوەی نەتوانراوە مانگ لە ئاسمانی عێراقدا ببینرێت، ئەوا سبەینێ چوارشەممە تەواوکەری مانگی رەمەزانە و رۆژی پێنجشەممەش یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزانە.
هاوکات، وڵاتی ئەندۆنیسیا، بەفەرمی رۆژی پێنج شەممەی وەک یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزانی ئەمساڵ راگەیاند.
بەوپێیەش، مانگی رەمەزانی ئەمساڵ لە ١٣ی نیسانی ٢٠٢١ دەستیپێکرد و ١٢ی ئایاریش کۆتا رۆژی مانگی رەمەزان دەبێت و موسڵمانان ٣٠ لەم مانگەدا بەرۆژوبوون، بەگوێرەی ساڵنامەی عەرەبیش؛ ساڵانە مانگی رەمەزان ١٠ رۆژ پێشدەکەوێت.