سەردێڕ:

ئوسترالیا کەسێکی بە تۆمەتی ئەندامییەتی داعش دەستگیرکرد

فۆتۆ: 
2021-05-11

1027 جار خوێندراوەتەوە

پاش گەڕانەوەی لە تورکیاوە و گەیشتنی بە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ماڵبۆرن لە ئوسرالیا، دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە هاوڵاتیەکیان بە تۆمەتی پەیوەدنیکردن بە داعشەوە دەستگیرکرد.


رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی بڵاویکردەوە، محەمەد زەعبی بە فڕۆکەیەک لە تورکیاوە گەڕاوەتەوە بۆ فڕۆکەخانەی ماڵبۆرن و دەستبەجێ لەلایەن هێزەکانی دژە تیرۆری ئوسترالییەوە دەستگیرکراوە.

محەمەد زەعبی ساڵی ٢٠١٣ لە سیدنیەوە بەرەو تورکیا گەشتیکردووە و لەوێوە چووەتە سوریا و بەوە تۆمەتبارکراوە کە پەیوەندیکردووە بە داعشەوە و یارمەتی چەکدارانی ئەو گروپەی داوە.

بەگوێرەی رۆژنامەی گاردیان، "محەمەد زەعبی لە ئەنجامی تێوەگلانی لە چالاکی دوژمنکارانە لە دەرەوەی وڵات و یارمەتیدانی کەسانێک کە تێوەگلاون، هاوکات، لە چالاکی دوژمنکارانە و هاوکاریکردنی داعش دەستگیرکراوە."

ئەوەش لە کاتێکدایە، ستیڤن دامیتۆ بەڕێوەبەری پۆلیسی فیدڕاڵی ئوسترالیا لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، بەگوێرەی یاساکانی وڵات هەر کەسێک هاوکاری گروپە چەکدارییەکان بکات یان یارمەتی ماددیان بدات یان پەیوەندی پێیانەوە هەبێت دەدرێتە دادگا.