فۆتۆ:
2021-05-11
3377 جار خوێندراوەتەوە
لەماوەی ٢٤ کاتژمێردا زیاتر لە دوو هەزار کۆچبەر بەقاچاغ و لەرێگەی ٢٠ بەلەمەوە روویان لە دورگەی لامپیدۆسای ئیتاڵیا کردووە.
ماڵپەڕی گاردیانی بەریتانی بڵاویکردەوە، زیاتر لە دوو هەزار کۆچبەر روویان لە ئیتاڵیا کردووە، سەرەتا گروپی یەکەم هەزار و٤٠٠ کۆچبەر و گروپی دووەم ٦٣٥ کۆچبەری دیکە لە دەریای سپییەوە خۆیان گەیاندووەتە دورگەی لامپیدۆسا.
ئەوەشی خستەڕوو، کۆچبەرەکان زۆربەیان خەڵکی ئەفریقا و پاکستان و سوریا بوون و کەرەنتینەکراون و پشکنینی کۆرۆنایان بۆ دەکرێت.
هاوکات، پۆلیسی ناوچەکە بە میدیاکانی راگەیاند، ''ئەگەر رۆژێکی وەکو دوێنی دووبارەبێتەوە و ئەو ژمارە زۆرەی کۆچبەران بێنە وڵاتەوە، ئەوا ناتوانرێت پارێزگاری لە تەندروستی گشتی بکرێت.''
ئەمە لەکاتێکدایە، بە گوێرەی راپۆرتەکان لە سەرەتای ئەمساڵەوە زیاتر لە ١١ هەزار کۆچبەر خۆیان گەیاندووەتە ئیتاڵیا و کە ئەو ژمارەیەش دوو ئەوەندەی ساڵی پارە.
ئامارەکان دەریدەخەن، هەر ئەمساڵ ٥٠٠ کۆچبەر لە دەریای سپی گیانیان لەدەستداوە. هاوکات، مانگی رابردووش ئیتاڵیا حکومەتی لیبیای تۆمەتبارکرد بە پشتگوێ خستن و بەهاناوەنەچوونی پەنابەران لە کەناراوەکانیدا، چونکە ئاستی ئاو نزیکەی شەش مەتر بەرزبوەتەوە.