سەردێڕ:

بەریتانیا.. تێرێزا مەى توانى لە دەنگدانى ناوخۆیی پارتەکەیدا متمانە بەدەستبهێنێتەوە

فۆتۆ: 
2018-12-14

2205 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا بەسەر نەیارەکانیدا لەناوخۆی پارتەکەیدا سەرکەوت، دوای ئەوەی نەیانتوانی دەنگی پێویست بۆ وەرگرتنەوەی متمانە لە تێرێزا مەی کۆبکەنەوە و تا ساڵێکی تر لە پۆستەکەیدا دەمێنێتەوە.


سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا بەسەر نەیارەکانیدا لەناوخۆی پارتەکەیدا سەرکەوت، دوای ئەوەی نەیانتوانی دەنگی پێویست بۆ وەرگرتنەوەی متمانە لە تێرێزا مەی کۆبکەنەوە و تا ساڵێکی تر لە پۆستەکەیدا دەمێنێتەوە.

لە پرۆسەی دەنگدانەکەدا، ٢٠٠ پەرلەمانتار لەبەرژەوندی تێریزا مەی دەنگیاندا و ١١٧ پەرلەمانتاریش لەدژی ئەو دەنگیاندا، کە دەکاتە ٦٣% ی ڕێژەی دەنگەکان.

لەبەرانبەر ئەو متمانەیەش کە زۆرینەی ئەندامانی پارتەکەی پێیان بەخشی، مەی بەڵێنیدا لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٢ دا خۆی بەسەرۆکی پارتی پارێزگاران کاندیدنەکاتەوە.

شێوازی دانوستانەکانی جیابوونەوەی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا، پاڵنەربوو تا بەشێک لە ئەندامانی پارتەکەی کە ڕەخنەیان لە رێکخستنەوەی پەیوەندییە بازرگانییەکانی وڵاتەکەیان لەگەڵ وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا هەیە، داوای دەنگدان بکەن لەسەر وەرگرتنەوەی متمانە لە تێرێزا مەی.

بەڵام مەی پێی وایە بە دروخستنەوەی لە دەسەڵات، داهاتووی سیاسی وڵاتەکەی و دانوستانەکانی تایبەت بە جیابوونەوەی لە ئەوروپا دەخاتە مەترسییەوە، هەربۆیە بەڵێنیدا ڕاستگۆ بێت لەگەڵ داواکارییەکانی گەلەکەی کە بەزۆرینە دەنگیاندا بە جیابوونەوەی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا ناسراو بە (بریکست).

هەرچی جێرمی کۆربین سەرۆکی پارتی کرێکارانی ئۆپۆزسیۆنیشە کە خوازیاربوو متمانە لە تێرێزا مەی وەربگیرێتەوە و ئاماژەی بەوەکرد، حکومەتەکەی لە حاڵەتێکی بێسەروبەریدایە و مانەوەی مەیش لە دەسەڵات کاریگەریی لەسەر ڕەوشی ژیانی هاوڵاتیانی بەریتانیا ناکات.

کۆربین ئامادەیی پارتەکەشی نیشاندا، بە گرتنەدەستی جڵەوی دەسەڵاتی بەریتانیا و گەیشتن بە گرێبەستێک لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا سەبارەت بە هەلومەرجی دانوستانەکانی بریکست.

ئەوە لە کاتێکدایە چەند مانگێکە ناڕەزایەتی توند کەوتووەتە نێو حکومەتی بەریتانیا، سەبارەت بە شێواز و مەرجەکانی دەرچوونی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا، چونکە هەندێکیان دەترسن لەوەی تێریزا مەی سازشی گەورە بکات سەبارەت بە دیاریکردنی سنور و گرێبەستە بازرگانییەکان.

هەر لەو کاتەشەوە ژمارەیەک وەزیری حکومەتەکەی مەی دەستیان لەکارکێشاوەتەوە، کە دیارترینیان بۆریس جۆنسۆن وەزیری دەرەوە و وەزیری ڕاسپێردراو بە کاروباری ئێرلەندا و وەزیری خانەنشینی بەریتانیا بووە.

لە ئێستاشدا تێرێزا مەی کە لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکایە، کاری سەختی لەبەردەمدایە، بۆئەوەی داوای یارمەتی لە سەرکردە ئەوروپییەکان بکات و بەهۆیەوە مەترسی زۆرێک لە پەرلەمانتاری وڵاتەکەی بڕەوێنێتەوە و متمانەیان پێبکات لە کۆتایی ئەم مانگەدا دەنگ بە دەرچوونی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا بدەن، کە وادەی دەرچوونەکە تا دێت نزیکتردەبێتەوە.

بەڵام ئەگەر پەرلەمانی بەریتانیا دەنگ لەسەر ڕێککەوتنەکە نەدات، ئەوا ٢١ ڕۆژ لەبەردەم حکومەتی لەندەندا هەیە بۆ دانانی پلانێکی نوێ.