بڕیارێکى دادگاى کەرکوک بۆ ڕێگەپێدان بە هێنانى ژنى دووەم و سێیەم و چوارەم لەلایەن پیاوانەوە بەبێ ئاگادارکردنەوەى هاوسەرى یەکەمیان مشتومڕى بەدواى خۆیدا هێناوە، ڕێکخراوەکانى داکۆکیکار لە مافەکانى ژنان و بەشێک لە یاساناسان دەڵێن، بڕیارەکە کێشە وگرفتى خێزانەکان زیاتر دەکات.

بڕیارەکە ماوەى هەفتەیەکە خراوەتە بوارى جێبەجێکردنەوە، لەو ماوەیەشدا ١٠ حاڵەتی هاوسەرگیری دووەم لەلایەن پیاوانەوە ئەنجامدراوە، بەبێ ئەوەى ژنی یەکەمیان ئاگاداربکەنەوە.
سرود محەمەد چالاکی بواری مافەکانى ژن ئاماژەی بەوە کرد، بڕیارە ڕێژەى جیابوونەوە بەرزدەکاتەوە و دەبوو دادگا بڕیارێکى بۆ کەمکردنەوەی ئەو حاڵەتانە دەربکردایە، نەک بڕیارێکى لەو شێوەیە بدات کە کێشە لەناو خێزانەکاندا دروستدەکات.
لە ساڵانی ڕابردوودا دادگاکانى کەرکوک پیاوانیان ناچاردەکرد لەکاتى هێنانى ژنى دووەمدا ڕەزامەندى ژنى یەکەم وەربگرن، ئێستا دادگا ئەم ڕەزامەندییەى لابردووە و پیاوان هەرکات بیانەوێت دەتوانن ژنى دووەم یان سێیەم یان چوارەم بهێنن.
شادیە جەلال ڕاوێژکارێکی یاسایی دەڵێت، هەرچەندە بڕیارەکە یاساییە و له مادەی ٣ی یاسای بارى کەسێتى ڕێگەی پێدراوە، بەڵام دادگا دۆخی ژنان و باری گوزەرانی ژنانی لەبەرچاونەگرتووە و لە بەرژەوەندی ژناندا نییە.
بەپێی ڕێنماییەکانی دادگای کەرکوک، بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە پیاوان دەبێت فۆڕم و کارتی زانیاری کەرکوکیان هەبێت و پیاوانى دانیشتووى هەرێمى کوردستان ناتوانن بچنە کەرکوک بۆ ڕاییکردنى مامەڵەى هێنانى ژنى دووەم یان سێیەم و چوارەم و سودوەرگرتن لەو بڕیارە.
هــ.حــ