سەردێڕ:

چیرۆکی کچە خوێندکارێکی نابینا لە سۆران ​کە گەیشتووەتە دواقۆناغى خوێندنى زانکۆ

فۆتۆ: ئێن ئاڕ تی
2018-11-17

7884 جار خوێندراوەتەوە

تا ژیان هەبێت هیواش بەردەوام دەبێت، ئەمە وتەی مامز نەهرۆ ئەو کچە نابینایەیە کە کۆڵی نەداوە لە خوێندن و لەئێستا خوێندکاری دوا قۆناغی بەشی کوردی زانکۆی سۆرانە.


تا ژیان هەبێت هیواش بەردەوام دەبێت، ئەمە وتەی مامز نەهرۆ ئەو کچە نابینایەیە کە کۆڵی نەداوە لە خوێندن و لەئێستا خوێندکاری دوا قۆناغی بەشی کوردی زانکۆی سۆرانە.

بەردەوامی ئەو کچە لە خوێندن کە لە سییەکانى تەمەنیدایە بووەتە وانەیەکی ئومێد بەخش بۆ خوێندکارو هاوڕێ و هاوپۆلەکانی، مامۆستاکانیش بەگرنگیەوە باس لە بەهرەو تواناکانی ئەم کچە دەکەن.

مامز لە ساڵى ١٩٩٦ چاوەکانى لەدەستدا، کاتێک بەهۆى شەڕى ناوخۆى پارتى و یەکێتى یەوە لەگەڵ خێزانەکەى لە سنورى هەولێر ئاوارەبوون و لەکاتى ئاوارەییاندا توشى نەخۆشى بوو کە بەهۆیەوە ڕۆشنایی لەدەستدا.

جگە لە سەرقاڵبوونى بەخوێندنەوە، مامز بەشێک لەکارەکانی ماڵەوەشی لەئەستۆ گرتوە وهاوکاری دایکی دەکات.

فریادرەسی گەیشتنی ئەم کچە نابینایە بەم قۆناغەی ئێستای ئامێرێکی دەنگ تۆمارکردنە، کە سەرجەم وانەکانی تیدا تۆمار دەکات، لەکاتی تاقیکردنەوەکانیشدا مامۆستا پرسیارەکانی بۆ دەخوێنێتەوە وئەویش وەڵامەکان بە زارەکی دەداتەوە و کەسێكی دیکەش بۆی دەخاتە سەر کاغەز.