سەردێڕ:

بە هۆى کەوتنەوەى ئاگرەوە هاوڵاتییەکى نابیناى تەمەن ٧٨ ساڵ گیانى لەدەستدا

فۆتۆ: 
2018-11-14

4191 جار خوێندراوەتەوە

خانوویەکی بچووکی دوورە دەستى ناو گەڕەکێکی گەورەی حاجیاوا ماوەى پێنج ساڵ بووەتە شوێنى مانەوەى هاوڵاتییەکى نابینا، کە بە درێژایی ئەو ماوەیە بە تەنها تێیدا ژیاوە و هەر بە تەنهاش لەو خانووەدا سەرینایەوە.


خانوویەکی بچووکی دوورە دەستى ناو گەڕەکێکی گەورەی حاجیاوا ماوەى پێنج ساڵ بووەتە شوێنى مانەوەى هاوڵاتییەکى نابینا، کە بە درێژایی ئەو ماوەیە بە تەنها تێیدا ژیاوە و هەر بە تەنهاش لەو خانووەدا سەرینایەوە.

ئەو هاوڵاتییە کە ناوى خدر عەلییە و تەمەنى ٧٨ ساڵە، بەرەبەیانى چوارشەممە بڵێسەى ئاگر لە ماڵەکەى بەرزبووەوە و بەهۆیەوە بەشێک لە جەستەى سوتا و گیانى لەدەستدا.

ھاوڵاتییەکی شایەتحاڵى ڕووداوەکە دەڵێت، بینیویەتى ئاگر و دووکەڵ لە خانووەکەدا بەرزدەبێتەوە، بۆیە خەڵکى ناوچەکەى ئاگادارکردووەتەوە بۆئەوەى هەوڵى کوژاندنەوەى ئاگرەکە بدەن.

دوای نیو کاتژمێر لە کەوتنەوەی ئاگرەکە، تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە گەیشتنە شوێنەکە و ئاگرەکەیان کۆنترۆڵکرد.

ھەرچەندە بەھۆی ڕووداوەکەوە خدر عەلی ٢٠%ی جەستەی سوتابوو، بەڵام بەھۆی کاریگەرى ھەڵمژینی دووکەڵ و ژەھراویبوونەوە ھەر لەناو ژوورەکەیدا گیانى لەدەستدابوو.

بەپێی لێکۆڵینەوەکانى بەرگریی شارستانی ڕاپەڕین، کەوتنەوەی ئاگرەکە بەھۆی ھیتەری کارەباییەوە بووە کە خاولییەکی لە نزیکەوە دانراوە و پاش گڕگرتنى خانووەکەش گڕیگرتووە.

خدر عەلی کە لەو ڕووداوەدا گیانى لەدەستدا بە سۆفی خدر ناسراوە و  ھاوسەرگیریی نەکردبوو، ئەم خانووەشى لەلایەن هاوڵاتییەکەوە بۆ دروستکراوە، ھەر ئەویش ژەمە خۆراکی بۆ دابینکردووە.

ئەو هاوڵاتییە کە ڕێژەى نابینایی چاوەکانى لە سەدا سەد بووە، هیچ موچەیەکى لەلایەن حکومەتەوە بۆ نەبڕدرابووەوە و لەلایەن خەڵکییەوە هاوکارى دەکرا.

لە ماوەى ١٥ ڕۆژدا ئەمە دووەمین ڕووداوى ئاگرکەوتنەوەیە لە سنوری ئیدارەی ڕاپەڕین کە بەھۆیەوە شەش ھاوڵاتی گیانیان لەدەستداوە.