سەردێڕ:

بەھۆی کێشەی کۆمەڵایەتیەوە سێ بەرپرسی حکومی لە دیالە کوژران

فۆتۆ: 
2019-10-24

4790 جار خوێندراوەتەوە

لە ئەنجامی سەرھەڵدانی کێشەی کۆمەڵایەتی لە نێوان چەند ھۆزێکی عەرەبی سنووری پارێزگای دیالەدا سێ بەرپرسی حکومی کوژران.


لە ئەنجامی سەرھەڵدانی کێشەی کۆمەڵایەتی لە نێوان چەند ھۆزێکی عەرەبی سنووری پارێزگای دیالەدا سێ بەرپرسی حکومی کوژران.

کەریم عەلی جێگری پارێزگاری دیالە بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، "نیوەڕۆی ئەمڕۆ کەسێک لە ھۆزی حومێری، حارس ڕوبەیعی بەڕێوەبەری ناحیەی ئەبی سێدای بۆ خوانێک بانگھێشتکردووە ‌و ھەر لە ماڵەکەی خۆیدا و لەکاتی نانخواردندا کوشتوویەتی".

ئەو بەرپرسەی دیالە وتیشی، "دوای ئەو ڕووداوە شەڕ لە نێوان ھەریەکە لە ھۆزەکانی حومێری و ڕووبەیعی لە ناحیەکەدا دروستبووە و جگە لە کوژرانی بەڕێوەبەری ناحیەی ئەبی سێدا، ھەریەکە لە سەعد ئەلسرێوی سەرۆکی ئەنجومەن و عەمید محەمەد حومێری بەڕێوەبەری ڕەگەزنامەی ناحیەکە کوژراون".

ئاماژەی بەوەش کرد، بارودۆخی ئەمنی لە ناحیەکەدا زۆر ئاڵۆزە و تا ئێستا کۆنترۆڵ نەکراوە، شەڕی قورس لە نێوان ئەندامانی ئەو دوو ھۆزە عەرەبەدا ھەیە، ڕێگاکانی ھاتن و چوون بۆ ناو شارۆچکەکانی شارەبان و وەجیھیە داخراون. 

ئەبی سێدا ناحیەیەکی سەربە قەزای شارەبانە لە پارێزگای دیالە و دەکەوێتە ٣٠ کیلۆمەتری باکوری ڕۆژھەڵاتی شاری بەعقوبەی ناوەندی پارێزگای دیالە، جگە لە ژمارەیەک ھۆزی عەرەب، کورد و تورکمانیشی تێدایە.