پەیمانگای ژنان، ئاشتی و ئاسایش، کە ناوەندێکی توێژینەوەی سەر بە زانکۆی جۆرجتاونی ئەمریکییە، بە ھاوبەشی لەگەڵ پەیمانگای ئۆسلۆ بۆ ئاشتی، ریزبەندی باشترین وڵاتانی بۆ دۆخی ژنان دیاریکردووە لە ساڵی ٢٠١٧ەوە.
پەیمانگای ژنان، ئاشتی و ئاسایش، کە ناوەندێکی توێژینەوەی سەر بە زانکۆی جۆرجتاونی ئەمریکییە، بە ھاوبەشی لەگەڵ پەیمانگای ئۆسلۆ بۆ ئاشتی، ریزبەندی باشترین وڵاتانی بۆ دۆخی ژنان دیاریکردووە لە ساڵی ٢٠١٧ەوە.
ئەو دوو ناوەندە سەرنجیان خستووەتە سەر دۆخی ژنان لە ١٦٧ وڵاتی جیھاندا و گەیشتوونەتە ئەو دەرئەنجامەی ژنان لە ٦٠ وڵاتی جیھاندا گوزەرانیان باشتربووە، بەتایبەت لەڕووی پاراستنی سەلامەتی و کارکردن و ھەبوونی ھەژماری بانکی و داھاتی تایبەت بەخۆیان .
جگە لەوەش، ڕێژەی ژنان لە پەرلەمان و دام و دەزگا حکومییەکان کراوەتە یەکێکی دیکە لە پێوەرەکانی ریزبەندییەکە، ھەروەھا ڕەچاوی ئەو یاسایانەی وڵاتیش کراوە کە لە بەرژەوەندی ژنان دەردەکرێن.
ئەو وڵاتانەی کە لە ریزی پێشەوەی ریزبەندییەکەدا ناویان ھاتووە، تەواویان وڵاتانی ئەوروپین، کە لە ١٠ پلەی یەکەمدا وڵاتانی (نەرویج، سویسرا، فینلەندا، ئایسلەندا، نەمسا، بەریتانیا، لوکسەمبۆرگ، سوید، ھۆڵەندا و کەنەدا) ناویان براوە.
لە کۆتایی ئەو ریزبەندییەدا وڵاتانی یەمەن، ئەفغانستان، سوریا، پاکستان، سودانی باشوور بە خراپترین وڵات دەستنیشانکراون لەڕووی دۆخ و گوزەرانی ژنانەوە.
ھەرچی عێراقیشە وەک شەشەم وڵاتی جیھان ناویبراوە کە تیایدا مافەکانی ژنان پێشێلدەکرێت، بەراورد بە ریزبەندییەکی پێشتری توێژەرانی سەر بە زانکۆی جۆرجتاون، کە ساڵی ٢٠١٧ بڵاوکراوەیەوە، عێراق لە ئێستادا دوو پلە بەرەو دواوەوە چووە.
ھاوکات بەشێک لە وڵاتانی دیکەی جیھان توانیویانە گوزەرانی ژنان بەرەوپێشبخەن، لە نێویشیاندا وڵاتی مۆڵدۆڤا کە بەراورد بە چەند ساڵی ڕابردوو، ئەو وڵاتە ٢٢ پلە ھاتووەتە پێشەوە، ئەوەش لە ڕێگەی جێبەجێکردنی ژمارەیەک یاسا بۆ بەڕەنگاربوونەوەی توندوتیژی سێکسی دژ بە ژنان.
ئەمریکاش دوو پلە لە ریزبەندییەکەدا چووەتە پێشەوە بەھۆی زیادکردنی ڕێژەی ژنان لە کۆنگرێس، لەدوای ھەڵبژاردنەکەی ساڵی ٢٠١٨دا.
توێژەران باس لەوەدەکەن ھەرچەندە بەشێک لە وڵاتان ھەوڵەکانیان چڕکردووەتەوە بۆ باشترکردنی گوزەرانی ژنان، نەتەوەیەکگرتووەکانیش یەکسانی ڕەگەزی کردووەتە یەکێک لە ئامانجەکانی بۆ ساڵی ٢٠٣٠، بەڵام ھێشتا لە بەشێک لە وڵاتان ژنان لە دۆخێکی خراپدا ژیان بەسەردەبەن و ھەلی یەکسانیان بۆ ناڕەخسێندرێت، بەشێوەیەک دوو ملیار و ٧٠٠ ملیۆن ژن لە جیھاندا بەھۆی یاساکانی وڵاتەوە ناتوانن ھەمان کاری پیاوان بکەن.