سەردێڕ:

لەدوای هێرشەکەی شەوی رابردوو، کازمی باس لەکشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەکات

فۆتۆ: 
2021-06-28

6075 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بەسەرۆکایەتی مستەفا کازمی کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجامدا و تیایدا لێکەوتەکانی بۆردومانەکەی شەوی رابردووی ئەمریکا بۆسەر خاڵێک لەسەر سنووری عێراق و سوریا تاوتوێکرد و رایگەیاند، "هێرشەکە ئیدانە دەکەین و حکومەتی عێراقیش لەهەنگاوەکانی لەگەڵ ئەمریکا بۆ کشانەوەی هێزە بیانییەکان بەردەوامە".


لەپاش کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەکە ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی عێراق رایگەیاند، بە توندی بۆردومانەکەی ئەمریکا بۆ سەر خاڵێک لەسەر سنووری عێراق لەگەڵ سووریا ئیدانەکردووە و جەختیکردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە ئەنجامدانی ئەو جۆرە ھێرشانە، پێشێلکارییەکی روونە بۆسەر سەروەریی عێراق. ئەوەش هاتووە، "ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ھەموو بژاردەکانی یاسایی بە ئامانجی رێگرتن لە دووبارەکردنەوەی ئەنجامدانی ئەو جۆرە ھێرشانە ھەڵدەسەنگێنێت و لێکۆڵینەوەیش لەبارەیەوە ئەنجام دەدات".

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، "کۆبوونەوە و گفتوگۆکانی حکومەت لەگەڵ لایەنی ئەمریکی بەردەوامە بۆ کشانەوەی ھێزە بیانییەکان لە عێراق کە لە ماوەکانی داھاتوودا، ئەنجامی کۆبوونەوە و گفتوگۆکان رادەگەیەنن". هاوکات، ئەوەش رەتکراوەتەوە خاکی عێراق بۆ ھێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ بەکاربھێندرێت.

 

هاوکات، لە راگەیەندراوێکدا یەحیا رەسول لە پێگەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک رایگەیاند، "ھێرشەکەی ئەمریکا بۆسەر خاڵێکی حەشدی شەعبی لەسەر سنووری عێراق لەگەڵ سوریا ئیدانە دەکەن".

لای خۆیەوە کەتائیب سەید شوھەدا سەربە حەشدی شەعبی رایگەیاندبوو کە چوار چەکداری لە ئاکامی ھێرشێکی ئاسمانیی ئەمریکادا، کوژراون و ھەڕەشەی ئەوەیشی کردبوو کە جەنگێکی کراوە لەگەڵ ئەمریکا، بەرپا دەکات.

شەوی رابردوو لە ھێرشێکی ئاسمانیی ھێزەکانی ئەمریکادا، ژمارەیەک خاڵی گرووپی کەتائیب سەید شوھەدا سەربە حەشدی شەعبی لەسەر سنووری عێراق لەگەڵ سووریا کراونەتە لە ئاکامدا، چوار چەکداری گروپەکە کوژراون و سێی دیکەش برینداربوون.