زانکۆی ئۆکسفۆرد رایگەیاند، لەگەڵ کۆمپانیای ئەسترازینیکای بەریتانی – سویدی لە چوارچێوەی تاقیکردنەوەی کلینیکی دەستیانکردووە بە پێدانی ڤاکسینی ئەسترازینیکا دژی کۆرۆنای گۆڕاوی "بیتا" بە خۆبەخشەکان.
زانکۆی ئۆکسفۆرد راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، نزیکەی دوو هەزار و ٢٥٠ خۆبەخش لە بەریتانیا و باشوری ئەفریقا و بەرازیل و پۆڵەندا بەشداری لە وەرگرتنی ڤاکسینەکەدا دەکەن و لە قۆناغی یەکەم و دووەمدا تاقیکردنەوەی کلینیکی لەسەر مرۆڤ ئەنجامدەدرێت.
ئەندرۆ بۆلارد پرۆفیسۆر و بەڕیوەبەری کۆمەڵەی ئۆکسۆرد بۆ ڤاکسینەکان رایگەیاند، تاقیکردنەوەی ژەمەکانی پەرەپێدانی ڤاکسینەکان دژی زنجیرەی نوێیەکانی کۆرۆنای گۆڕاو کارێکی گرنگە بۆ ئەوەی ئامادەبن تا بە باشترین شێوە روبەڕوی کۆرۆنا ببنەوە، ئەگەر دەربکەوێت بەکارهێنانی ڤاکسینەکە کاریگەر و پێویستە.
بەگوێرەی راگەیەنراوەکەی ئۆکسفۆرد، لە کۆتایی ئەمساڵدا ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی ڤاکسینەکە رادەگەیەنرێت و لە چوارچێوەی ئەنجامدانی کارێکی خێرادا پێشکەشی دەستەی ئامادەکاری ڤاکسینی دەکەن تا هەڵسەنگاندی خۆیانی بۆ بکەن.
ئەمە لەکاتێکدایە، پێشتر بەرپرسێکی کۆمپانیای فایزەر رایگەیاند، ڤاکسینی فایزەر – بایۆنتیک بە رێژەی ٩٠% بەرامبەر کۆرۆنای گۆڕاوی هیندی "دەلتا" کاریگەرە. هاوکات، ئەسترازینیکای بەریتانیش رایانگەیاند، ڤاکسینەکانیان بە شێوەیەکی بەرچاو بەرامبەر زنجیرە نوێیەکانی کۆرۆنا کاریگەرە. لە ئێستاشدا لە عێراق و هەرێم هەریەک لەو دوو جۆر ڤاکسینە بەردەستن و رۆژانە هاوڵاتیان لە بنکەکانی تەندروستی وەریان دەگرن.
دوای دەرکەوتنی کۆرۆنای گۆڕاو و زنجیرە نوێیەکانی لە بەریتانیا و باشوری ئەفریقا و هیندستان، رێکخراوی تەندروستی جیهانی کۆرۆنا گۆڕاوەکەی بەریتانیای بە "ئەلفا" و ئەفریقیای بە "بیتا" و هیندستانی بە "دەلتا" ناساند. جیاوازی ئەم زنجیرە نوێیانە لە کۆرۆنای COVID-19 ئەوەیە بە شێوەیەکی خێراتر بڵاودەبێتەوە و هەمووتەمەن و چین و توێژەکان توشی پەتاکە دەبن.
كـ ، ئـ