وتەبێژی فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی عێراق، رایگەیاند، ھێرشەکەی ئەمریکا بۆ سەر حەشدی شەعبی لەسەر سنووری عێراق لەگەڵ سووریا، ئیدانە دەکەن.
لیوا یەحیا رەسول لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک نووسیوویەتی "ھێرشەکەی ئەمریکا بۆسەر خاڵێکی حەشدی شەعبی لەسەر سنووری عێراق لەگەڵ سووریا، ئیدانە دەکەن".
راشیگەیاندووە "ھێرشەکە بەپێی بەڵگەنامە نێودەوڵەتییەکان، پێشێلکارییەکی روونە بۆسەر سەرەوەریی و ئاسایشی نیشتمانیی عێراق".
وتەبێژی فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی عێراق، لیوا یەحیا رەسول ھەروەھا نووسیوویەتی "عێراق رەتی دەکاتەوە ببێت بە گۆڕەپانی یەکلاییکردنەوەی حیسباتەکان و سوورە لەسەر پاراستنی سەرەوەریی خاکەکەی و رێگرتن لە بەکارھێنانی خاکەکەی وەک گۆڕەپانێک بۆ کاردانەوە و دەستدرێژیکردن".
ئەوەشی نووسیووە "داوای ھێورکردنەوەی رەوشەکە و خۆ بەدوورگرتن لە گرژییەکان دەکەین و دووپاتی دەکەینەوە کە عێراق لێکۆڵینەوە لەوبارەیەوە ئەنجام دەدات و لەسەر ئاستە جیاجیاکانیش لە پەیوەندیدا بێت بۆ رێگرتن لە دووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە پێشێلکارییانە".
شەوی رابردوو لە ھێرشێکی ئاسمانیی ھێزەکانی ئەمریکادا، ژمارەیەک خاڵی گرووپی کەتائیب سەید شوھەدا سەربە حەشدی شەعبی لەسەر سنووری عێراق لەگەڵ سووریا کراونەتە ئامانج و لە ئاکامدا، چوار چەکداری گرووپەکە کوژراون و سێی دیکەیش برینداربوون.
لای خۆیەوە کەتائیب سەید شوھەدا سەربە حەشدی شەعبی رایگەیاندبوو کە چوار چەکداری لە ئاکامی ھێرشێکی ئاسمانیی ئەمریکادا، کوژراون و ھەڕەشەی ئەوەیشی کردبوو کە جەنگێکی کراوە لەگەڵ ئەمریکا، بەرپا دەکات.
سەرچاوە: AA