ڕۆژنامەیەکی ئەمریکی ئاشکرایکرد، ئەو بارەگا سەربازیەی حەشدی شەعبی کە شەوی ڕابردوو لەسنوری پارێزگای ئەنبار لەلایەن فڕۆکە جەنگیەکانی ئەمریکاوە بۆردومانکراوە، بۆ فڕین و بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەکاردەهێنرا.
ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی لەسەر زاری چەند بەرپرسێکی ئەمنی لە پنتاگۆن بڵاویکردەوە، ئەو بنکەیە کە کراوەتە ئامانج سەر بە گروپێکی حەشدی شەعبی نزیک لە ئێرانە و بۆ مەبەستی خزمەتگوزاری مادی وتەکنیکی وهێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەکار دەهێنرا.
ئامانج چیە؟
بەرای چەند چاودێرێکی سیاسی لە ناوەندی عەینی ئیماراتی، ئامانج لەو هێرشەی پنتاگۆن نامەیەکە بۆ میلیشیا عێراقییەکانی نزیک لە ئێران کە پێیان وایە ئیدارەی جۆبایدن سەرۆکی ئێستای ئەمریکا پاشگەز بۆتەوە لە گرتنە ئامانج و وەڵامدانەوەی هێرشی میلیشیاکان.
چی روویدا؟
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند، گروپێکی چەکداری سەر بەحەشدی شەعبیی کە "پاڵپشتیکراوە لەلایەن ئێرانەوە" لەناوچەی قائیم لەسەر سنوری عێراق و سوریا بۆردومان کراوە.
لیوای 14 سەر بە کەتائیبی سەید ئەلشوهەدا هەواڵەکەی پشتڕاستکردوەتەوە و بەپێی راگەیەنراوەکەیان، :"لەهێرشەکەدا چەکدارێکیان کوژراوە".
بەڵام روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئەوەی بڵاوکردووەتەوە، لە هێرشەکەدا پێنج کەس کوژراون.
تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵەش هیچ زانیاریەکلەسەر ژمارەی بریندارەکان نیە.
جۆن کێربی، وتەبێژی پنتاگۆن بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند، هێرشەکەی ئەمشەو بەفەرمانی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا ئەنجام دراوە و "هێرشی ئاسمانیی بەرگریکرانەی ورد"یان لە دژی چەند دامەزراوەیەک لەسەر سنوری نێوان عێراق و سوریا کردوەتە ئامانج، کە لەلایەن گروپی چەکداری "پاڵپشتیکراوی ئێرانی بەکارهێنراون".
هاوکات لیوای ١٤ی حەشدی شەعبی لەسەر هێرشە ئاسمانییەکە رایگەیاند، بارەگاکانیان لەلایەن هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەی قائیم لەسەر سنووری عێراق و سووریا کراونەتە ئامانج.