دادگای تاوانەکانی ناوەندی لە سەرۆکایەتی دادگای تێهەڵچوونەوەی رەسافەی فیدڕاڵی بڕیاری لە سێدارەدانی بۆ نۆ کەس لەو کەسانە دەرکرد کە لە ساڵی ٢٠١٤ لە پارێزگای سەڵاحەدین بەشداریان لە رووداوی سپایکەردا کردبوو.
ئەمڕۆ یەکشەممە، دادگای تاوانەکانی ناوەندی لە پارێزگای سەڵاحەدین راگەیندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، "تۆمەتبارەکان دانیان بە تاوانەکانیاندا ناوە بەوەی لە کارەساتی بنکەی سەربازی سپایکەر بەشداریان کردووە"، ئاماژەی بەوەشداوە، کە لە هاوینی ٢٠١٤ بەشداربوون لە کوشتنی چەندان کەسی بێتاوان.
لەبەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەداهاتووە، دادگا بەڵگەی تەواوی لەبەردەستدایە کە تۆمەتبارەکان بە تاوانبار بناسێنێت و سزای لە سێدارەدانیان بۆ دەربکات بە گوێرەی ماددەی چواری یاسای نەهێشتنی تیرۆری ژمارە ١٣ی ساڵی ٢٠٠٥.
ساڵی ٢٠١٤ چەکدارانی داعش دەستیان گرت بەسەر شاری تکریت و کەمپی سەربازی سپایکەر لەو شارەدا، کە هەزار و ٧٠٠ سەربازی تێدابوو، بەڵام سەربازەکان نەیانتوانی دەربازیان بێت و بەدیل کەوتنە دەستی داعش. دواتر چەکدارانی داعش سەربازەکانی کۆمەڵکوژکرد و چەند دیمەنێکی ڤیدیۆیی ساتی کوشتنەکەشیانی بڵاوکردەوە.
كـ. ئـ