سەردێڕ:

کەشناسی عێراق: شەپۆلێکی نوێی خۆڵبارین وڵات دەگرێتەوە

فۆتۆ: 
2021-06-27

10595 جار خوێندراوەتەوە

دەستەی کەشناسی عێراق رایگەیاند، پێشبیندەکرێت لە رۆژی چوارشەممەی ئەم هەفتەیە شەپۆلێکی نوێی خۆڵبارین ناوەڕاست و باشوری وڵات بگڕێتەوە و پلەکانی گەرمی ٥٠ پلەی سیلیزی تێدەپەڕێنێت. دەشڵێت، "هەرێم بەهۆی ئەوەی ناوچەی شاخاوییە و بە دارستان داپۆشراوە پلەکانی گەرما زۆر ناگۆڕێن و خۆڵبارینەکە کاریگەری نابێت".


ئەمڕۆ یەکشەممە، عامر جابری بەڕێوەبەری گشتی راگەیاندنی دەستەی کەشناسی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی وڵاتی راگەیاند، لە ئەنجامی نزمبوونەوەی بەرچاوی پەستانی وەرزی کە لە هیندستانەوە دەست پێدەکات لە رۆژانی داهاتوو لەم هەفتەیەدا پلەکانی گەرما بەرزدەبنەوە.

ئەوەشی خستەڕوو، بەراورد بە مانگی حوزەیرانی ساڵی رابردوو، بەهۆی بەرزبوونەوەی تەوژمی هەوای سارد کە لە دەریای ناوەڕاستەوە هەڵیکردبوو کاریگەری لە کەش و هەوا کرد و لە رۆژانی رابردوودا پلەکانی گەرمی نزمبوونەوە.

عامر جابری ئاماژەی بەوەشدا، لە رۆژانی کۆتایی مانگی حوزەیراندا لە ئەنجامی نزمبوونەوەی تەوژمی هەوای دەریای ناوەڕاست و پەستانی هەوای وەرزی، پلەکانی گەرما بەرزدەبنەوە.

دەشڵێت، لە پارێزگاکانی باشور پلەکانی گەرما دەگەنە ٥٠ پلەی سیلیزی، لەناوچەکانی هەرێمیش پەلکانی گەرما بەرزدەبنەوە بەڵام بەهۆی ئەوەی بەرگی رووەکی هەیە و دارستانی تێدایە هاوشێوەی پارێزگاکانی باشوری کاریگەرنابن بە گۆڕانی پلەکانی گەرما.

بەرێوەبەری گشتی راگەیاندنی دەستەی کەشناسی عێراق وتیشی، پێشبیندەکرێت رۆژی چوارشەممەی ئەم هەفتەیە خێرایی با بگاتە ٣٠ بۆ ٤٠ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشور، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی ئاستی خۆڵبارین بەرزدەبێتەوە، بەڵام لە هەرێم بەهۆی بەرگی رووەکی و دارستانەکانەوە خۆبارینەکە نایگرێتەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە، بە گوێرەی ئامارەکانی کەشناسی هەرێم، بەرزترین پلەی گەرمی تۆمارکراوی ئەمڕۆ لە خانەقین بووە کە ٥٠ پلەی سیلیزی بووە، نزمترین پلەش لە حاجی ئۆمەران بووە و ٣٣ پلە بووە.

کەشناسی داواش دەکات، لە کاتەکانی نیوەڕۆدا و بەتایبەتی لە کاتژمێر ١٠ی بەیانی بۆ ٤ی پاشنیوەڕۆ، هاوڵاتیان نەچنە بەردەم خۆر و تا بتوانن لە ژوورەوەدا بمێننەوە.

کـ.ئـ