ئەمڕۆ بۆ یەکەم جار، دوای رووخانی دەسەڵاتی حزبی بەعس لە عێراق سەرۆکی نوێی میسر بەفەرمی سەردانی عێراقی کرد بە مەبەستی ئامادەبوون لە لوتکەی نێوان ئەردەن و میسر و عێراق، بەڵام پێش ٣٠ ساڵ لەمەوبەر و کۆتا جار کەی بوو سەرۆکی ئەو کاتی میسر سەردانی عێراقی کرد و چی روویدا؟
لە ٢٤ی تەمموزی ساڵی ١٩٩٠ ئەو رۆژەبوو کە حوسنی موبارەک سەرۆکی ئەوکاتی میسر بە سەردانێکی فەرمی و بەمەبەستی رێگریکردن لە ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و کوەیت کاتژمێر ٨:٣٠ سەرلەبەیانی گەیشتە فڕۆکەخانەی بەغدای نێودەڵەتی و دواتر بەرەو کۆشکی سەرۆکایەتی کۆمار بۆ دیداری سەدام حسێن سەرۆکی ئەوکاتی عێراق بەڕێ کەوت.
لە دیدارەکەدا تاریق عەزیز وەزیری ئەوکاتی دەرەوەی عێراق و چەندین بەرپرسی دیکەی باڵای عێراق بەشداربوون.
ئامانجی سەردانەکەی حوسنی موبارەک بۆ قەناعەتپێکردنی سەدام حوسێن بوو تا هێرش نەکاتە سەر خاکی کوەیت و هەموو ئەگەرەکان و ئەنجامی جەنگەکەشی خستبووە بەردەمی.
حوسنی موبارەک ئاشکرایکردبوو، پرسیاری لە سەدام کردووە، هۆکاری کۆکردنەوە و رەوانەکردنی هێز بۆ سەر سنورەکانی کوەیت چییە؟ ئەویش لەوەڵامدا دڵنیایی پێدابوو کە بەنیازنییە هیچ هەنگاوێکی دوژمنکارانە بەرامبەر ئەو وڵاتە بنێت.
سەرۆکی پێشووتری میسر باسی لەوەکردبوو، کە گومانی هەبووە، بۆیە داوای لە سەدام حسێن کردبوو دوو بەدوو بە تەنها و بێ شاندەکانیان پێکەوە دابنیشن و بە راشکاوی پێی وتبوو کە چ مەبەست و نیازێکی هەیە، دووبارە سەدام حسێن لە وەڵامدا پێ وتبووەوە کە نیازی داگیرکردنی کوەیتی نییە.
لە دانیشتنە دوو قۆڵییەکەیاندا حوسنی موبارەک بە سەدامی راگەیاندبوو، هەموو شتێک بەگفتوگۆ چارەسەردەکرێت، ئامادەیە سەردانی کوەیت بکات و ئامادەکارییەک بۆ لوتکەی نێوان عێراق و میسر و کوەیت سازبکات.
بەمەبەستی گەیاندنی پەیامی عێراق و سازکردنی لوتکەی نێوانیان، حوسنی موبارەک لە بەغداوە بەرەو کوەیت بەڕی دەکەوێت و لە رێگادا دەبێت هەواڵی پێدەدەن کە وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاندووە سەردانەکەی موبارەک پرۆتۆکۆڵی بووە بە ئامانجی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵات، هاوکات، هیچ ئاماژەی بە گرژی نێوان عێراق و کوەیت نەکردبوو.
حوسنی موبارەک سەرۆکی ئەوکاتی میسر ئاشکرایکرد، هەواڵەکە بۆی جێگەی سەرسوڕمان بووە، چونکە ئەو ئامانجی نزیکردنەوەی عێراق و کوەیت بووە نەک بەرژەوەندی وڵاتەکەی. بەڵام دۆخەکە قبوڵدەکات و لە ٢٥ی تەمموزی ١٩٩٠ بەپەلە شاندێک رەوانەی بەغدا دەکات تا لەدەسەڵاتدارانی عێراق بپرسێت، ئایا ئەمە دەکرێت وابێت؟ "ئەمە مەعقولە ئێمە بۆ ئاشتەوایی هاتبووین و ئێوە باس لە سەردانی پڕۆتۆکۆلی دەکەن؟" بەڵام دەسەڵاتدارانی عێراق هیچ وەڵامی شاندی میسری نادەنەوە.
حوسنی موبارەک دەڵێت، "ئومێدەواربووم مانگی ئاب بە ئارامی تێپەڕێنین بەڵام لە رۆژی پێنجشەممەی ٢ی ئابی هەمان ساڵ هێزەکانی عێراق چوونە ناو خاکی کوەیتەوە و داگیریان کرد".
ئەمڕۆش دوای ٣٠ ساڵ بەسەر سەردانەکەی سەرۆکی ئەوکاتی میسر، لوتکەی نێوان عێراق و ئەردەن و میسر بە ئامادەبوونی مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق و عەبدولفەتاح سیسی سەرۆکی میسر و شا عەبدوڵا پادشای ئەردەن لە بەغدای پایتەختی عێراق بەڕێوەچوو و تیایدا پرۆژەی شامی نوێ تاوتوێ کرا.