ئەندامێکی کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق ڕایگەیاند، زیاتر لە یەک ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دەنگدەر ناتوانن بەشداری لە پرۆسەی هەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراقدا بکەن.
فازل غەراوی ئەندامی کۆمسیۆنی باڵای مافی مرۆڤ لە عێراق بە میدیا عێراقییەکانی راگەیاند، ئەو کەسانەی کە مافی دەنگدانیان هەیە و لەتەمەنەکانی ٢٠٠١ و ٢٠٠٢ و ٢٠٠٣ دان، بەڵام بەهۆی ئەوەی ناویان لە لیستی دەنگدەراندا نیە و تاوەکو ئێستاش فۆڕمی بایۆمەتریان وەرنەگرتوە بۆیە ناتوانن دەنگ بدەن.
فازل غەراوی داواشی لەحکومەتی فیدڕالی کرد ڕێکارێکی بەپەلە بدۆرێتەوە بۆ ئەم مەبەستە و بەزووترین کات فۆڕمی بایۆمەترییان پێبدرێت چونکە ئەمە مافێکی دەستوری دەنگدەرە.
ئەو ئەندامەی کۆمسیۆنی باڵای مافی مرۆڤ لە عێراق باسی لەوەشکرد، دەنگدان مافێکی دەستورییە و دەبێت حکومەتی عێراق پارێزگاری لێبکات وتەواوی لێکارەکانی بۆ ئاسانبکات.