فۆتۆ:
2021-06-27
783 جار خوێندراوەتەوە
چاوگێکی ئەمنی ڕایگەیاند، بەهۆی هێرشێکی چەکدارانی داعش لە باشوری خۆرئاوای شاری کەرکوک کەسێک لە پۆلیسی فیدڕاڵی عێراق کوژرا و پێنج کەسی دیکەش برینداربوو.
ئەو چاوگە ئەمنییە بە میدیاکانی عێراقی ڕاگەیاندووه، گروپی چەکداری داعش سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هێرشێکی بۆ سەر بنکەیەکی سەربازی پۆلیسی فیدڕالی لە ناوچەی ریازی سەر بە پارێزگای کەرکوک ئەنجام داوە و بەهۆیەوە کەسێک کوژرا ونزیکەی ٥ کەسی دیکەش بریندار بوون.
ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردووش، بۆمبێکی چێنراو بەکاروانێکی پۆلیسی فیدڕاڵی تەقییەوە و بەهۆیەوە ٥ کەس لە هێزە ئەمنییەکان کوژران.
بەگوێرەی ئامارەکانی دەزگای روبەڕوبوونەوەی تیرۆری سەر بە نەتەوەیەکگرتوەکانیش، ژمارەی چەکدارانی داعش بە ١٠ هەزار چەکدار خەمڵێندراوە، لەکاتێکدا بەرپرسانی باڵای سەربازی ئەمرکا، ژمارەی چەکدارانی ئەو گروپە چەکدارییە بە ١٤ تا ١٦ هەزار چەکدار لە عێراق و سوریا دەخەمڵێنن.
لە حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٤دا، گروپی چەکداری دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) لە عێراق سەریهەڵدا و لە ماوەیەکی کەمدا دەستی بەسەر بەشێکی زۆر لە خاکی عێراق و سوریادا گرت، دواتریش لەساڵی ٢٠١٧دا هێزە سەربازییەکانی عێراق سەرکەوتنی یەکجارییان بەسەر ئەو گروپەدا راگەیاند.