سەردێڕ:

کازمی: دەستپێشخەری ئەرێنی بۆ کەمکردنەوەی قەیرانەکان لە ناوچەکە بەدی دەکەین

فۆتۆ: 
2021-06-26

2585 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، "نەمانی قورسایی عێراق لەم چەند ساڵەی دواییدا، بووە مایەی زیادبوونی گرژیی نێوان ژمارەیەک وڵاتی عەرەبی و ھەرێمی" و دەشڵێت، دەستپێشخەری ئەرێنی بۆ کەمکردنەوەی قەیرانەکان لە ناوچەکە بەدی دەکەن.


نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە مستەفا کازمی وتارێکی بەناوی "پێویستی مێژوویی وشە نھێنییەکەی گێرانەوەی متمانە"، بڵاوکردووەتەوە و تیایدا نووسیوویەتی،" دەستپێشخەری ئەرێنیی بۆ کەمکردنەوەی قەیرانەکان لە ناوچەکەمان بەدی دەکەین، ھەروەھا ھەوڵەکانیش بە ئاراستەی چارەسەرکردنی قەیرانەکان خراوەنەتەگەڕ".

سەرۆکوەزیرانی عێراق لە وتارەکەیدا وردەکاریی زیاتری لەبارەی دەستپێشخەرییەکە نەخستووەتەڕوو، بەڵام لە ماوەکانی رابردوودا، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیی و ھەرێمی ھەوڵەکان چڕکراوەنەتەوە بە ئامانجی کەمکردنەوەی قەیرانەکانی سیاسی و گرژییەکانی سەربازیی کە بەرەوڕووی ژمارەیەک وڵاتی ناوچەکە بووەتەوە لەوانە یەمەن، لوبنان و لیبیا.

مستەفا کازمی نووسیوویەتی، "عێراق ئەزموونی تاڵی تێپەڕاندووە، ئەوەش کاردانەوەی خراپی نەک تەنھا بۆ خۆی بەڵکو بۆ وڵاتانی ناوچەکەیش ھەبوو کە بووە مایەی دروستبوونی گرژییەکانی ھەرێمیی و نێودەوڵەتی، ئەو گرژییانەش ھاوکات بوو لەگەڵ ئەو قەیران و بەرەنگارییانەی کە عێراق روبەڕوی بووەوە".

مستەفا کازمی جەخیتکردووەتەوە چیتر ناتواندرێت ژیان لەگەڵ ئەو قەیرانانە بکرێت و باسی لەوەکردووە، "ئەگەر ھەمووان پاڵپشتیی یەکتر نەکەین و کەرامەتی گەلەکەنمان و مافی نەوەکانی داھاتوومان بۆ دەستەبەرکردنی ژیانێکی خۆشگوزەران، نەپارێزێن ئەوا ناتوانیین ھەنگاو بەرەو داھاتوو لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بنێین، ئەوەش تەنھا بەگێرانەوەی ھاوسەنگی لە ناوچەکە بەدی دێت کە عێراق تیایدا خاڵێکی سەرەکییە".

سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی لە کۆتایی گوتارەکەیدا ئاماژەی بەوەکردووە، "سەقامگیری، ئاشتیی، ھاریکاریی، گەشەپێدان و ئاسایشی ھاوبەش لە ناوچەکە، ژمارەیەک ئامانجی ستراتیجیین کە لە قۆناغی داھاتوودا، رەنگدەدەنەوە".

ساڵانێکی زۆرە عێراق و ژمارەیەک وڵاتی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست روبەڕوی چەند قەیرانێک و گرژیی سیاسی و سەربازیی بوونەتەوە، کە کاریگەریی خراپی لەسەر رەوشی ئابوریی، سیاسیی و ئەمنی ئەو وڵاتانە ھەبووە.

هـ.ئـ