بەڕێوەبەرایەتی گومرگی ئێران رایگەیاند، لە بەهاری رابردووەوە بەڕێژەی ٧٣% هەناردەکردنی کاڵای ئەو وڵاتە بۆ پێنج وڵات بووە، تیایاندا عێراق بە بەهای زیاتر لە دوو ملیار پلەی دووەمی گرتووە.
ئەمڕۆ شەممە، بەڕێوەبەرایەتی گومرگی ئێران ئاماژەی بەوەشدا، لە بەهاری رابردووەوە و تەنها لەماوەی سێ مانگی وەرزی بەهاری ئەمساڵدا، بە بەهای ١٠ ملیار و ٧٠٠ ملیۆن دۆلار ئەو وڵاتە کاڵا و پێداویستی هەناردەی پێنج وڵات کردووە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، چین بە بەهای سێ ملیار و ١٠٠ ملیۆن دۆلار پلەی یەکەم، عێراق بە بەهای دوو ملیار و ٣٠٠ ملیۆن دۆلار پلەی دووەم، ئیمارات بە بەهای یەک ملیار و ٣٠٠ ملیۆن دۆلار پلەی سێیەمیان لە هاوردەکردنی کاڵای ئێرانی گرتووە.
بەڕێوەبەرایەتی گومرگی ئێران باسی لەوەشکردووە، جگە لەو پێنج وڵاتە، وڵاتەکەی بەبەهای دوو ملیار و ٨٣٥ هەزار دۆلار کاڵا و شمەک و پێداویستی جۆراوجۆری هەناردەی وڵاتانی دیکە کردووە.