سەردێڕ:

عێراق شەپۆلی سێیەمی ڤایرۆسی کۆرۆنای راگەیاند

فۆتۆ: 
2021-06-26

4365 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی تەندروستیی عێراق رایگەیاند، شەپۆلی سێیەمی کۆرۆنا گەشتووەتە عێراق و زیادکردنی رێکارەکانی خۆپارێزی و خێراترکردنی هەڵمەتی کوتانیش دەگیرێتەبەر.


سەیف بەدر وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق لەراگەیەندراوێکدا باسی لەوەکردووە، لە ئێستادا شەپۆلێکی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا رووی لە وڵاتکردووە  و بە بەراورد بە شەپۆلەکانی یەکەم و دووەمی ڤایرۆسی کۆرۆنا توند و مەترسیدارترە.

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم شەپۆلە نوێیە پێویستی بە روبەڕوبوونەوەی زیاتر و رێکاری نوێ هەیە، گرنگە خەڵک دەمامک ببەستێت و مەودای دووری رەچاو بکات، جگە لەوەی گرنگە کە ڤاکسین وەربگرن.  

سەیف بەدر ئەوەشی خستووەتەڕوو، گرنگە هاوڵاتیان پابەندبن بە رێکار و یاساکانی خۆپارێزی تایبەت بە لیژنەی روبەڕوبوونەوەى کۆرۆنا و داواشی لە سەرجەم میدیاکان و بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کردووە پەیام و زانیاریی دروست و هۆشیارکەرەوە بڵاوبکەنەوە. 

لەدوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە ساڵی ٢٠١٩دا لە شاری وهانی چین و گەیشتنی بە عێراق، تاوەکو ئێستا لە عێراق ملیۆنێک و ٣٢١ هەزار و ٢٣٢ کەس توشی ڤایرۆسەکە بوون، هاوکات ملیۆنێک و ٢٢٦ هەزار و ٩٥٩ کەس چاکبوونەتەوە و ١٧ هەزار و ٦١ کەسیش بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە.