پۆلیسی کۆمەڵایەتی بەغدا کچە خوێندکارێکی دەستگیرکرد کە هەڕەشەی بڵاوکردنەوەى وێنە و ڤیدیۆ و تۆماری دەنگی کچە هاوڕێکانی کردووە کە لەناو بەشە ناوخۆیی زانکۆدا تۆمارکراون.
پۆلیسی کۆمەڵایەتی بەغدا رایگەیاند، "مەفرەزەکانی بەشی پۆلیسی کۆمەڵایەتی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندی و ڕاگەیاندن لە وەزارەتی ناوخۆ توانییان کچێک دەستگیربکەن کە وێنە و ڤیدیۆ و تۆماری دەنگی هاوڕێ کچەکانی لە بەشی ناوخۆیی لابووە و "هەڕەشەی بڵاوکردنەوەیانی کردووە ئەگەر بێتوو پارە و زێڕی نەدەنێ."
ئاماژەی بەوەشکردووە، "پۆلیس توانی بەڵگەی تەواو بۆ تۆمەتبارکردنی ئەو کچە بەدەستبهێنێت و ڕێکاری ئەمنیی پێویست لەدژی بگیرێتەبەر و سەرجەم وێنە و ڤیدیۆکانیش لە مۆبایلەکەیدا سڕانەوە."