راوێژکارى سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروبارى دارایی رایگهیاند، ئاساییبوونەوەی نرخى دینار پەیوەستە بە چەند مەرجێکەوە و پێویستە بوونیان هەبێت و جێبەجێ بکرێن، یەکێک لە مەرجەکانیش باشبوونی توانای گەشەکردنی ئابوورییە.
مەزهەر محەمەد ساڵح راوێژکارى سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروبارى دارایی بۆ ئاژانسى هەواڵى عێراقى باسی لەوەکردووە، ئاسایبوونەوەی بەهای دینارى عێراقى پەیوەستە بە تواناى ئابوریى بۆ گەشەکردن، ئەویش ئەگەر گەشەیەکى گەورە بکات، دەشڵێت، "بەپێى پێشبینییەکان لەئێستادا گەشەى ئابوریى 2.5%ە، ئەوەش بەپێى گەشەى راستەقینەى دانیشتوانە."
لەبارەی گەشەپێدانی ئابووریشەوە، راوێژکارى کازمی ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو گەشەیە پێویستى بە گەشەپێدانێکى دروست و کەمکردنەوەى بێکارى و بەرزبوونەوەى هەلى کار و گەشەسەندنى پرۆژەکانی وەبەرهێنانە، کە ئەوەش دەبێتە هۆى بەدەستهێنانى داهات بۆ قەرەبووکردنەوەى نەوت، بهردهوامبوونى داهاتهكان و هێزى ئابوورى.
لە مانگی کانونی یەکەمی ساڵی رابردوودا، بانکی ناوەندی عێراق نرخی ١٠٠ دۆلاری لە نزیکەی ١٢٠ هەزار دینارەوە بۆ نزیکەی ١٤٥ هەزار دینار بەرزکردەوە و ئەوەش کاریگەری کردە سەر کار و داهاتی هاوڵاتیان و کاردانەوەی جیاوازی بە دوای خۆیدا هێنا.
بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بۆ زیاتر لە ١٥٠ هەزار دینار بۆ یەکەمجارە لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ـەوە، بەجۆرێک کە نرخی دۆلار لە بازاڕەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان بەرامبەر دیناری عێراقی بەرزترین نرخ تۆماربکات و لە ئێستادا بگاتە ئەوەی نرخی ١٠٠ دۆلار بە ١٥٠ هەزار و ٢٠٠ دینار مامەڵەی پێوەدەکرێت.