لیژنەی دارایی و ئابوری لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، دابەزینی نرخی دۆلار بەرامبەر دینار بەواتای گەڕانەوەی نرخەکەی پێشووی نیە.
جەمال کۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە میدیا ناوخۆیەکانی راگەیاند، لیژنەی دارایی لە هەفتەی رابردوودا میوانداری پارێزگاری بانکی ناوەندی کرد و لەبارەی هەنگاوەکانی کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی نرخی دۆلار گفتوگۆیان کرد.
ئەوەشی خستەڕوو، دابەزینی نرخی دۆلار بەرامبەر دینار بەواتای ئەوەنییە جارێکی دیکە نرخەکەی بگەڕێتەوە بۆ بەهای پێشووی و ١٠٠ دۆلار بە ١١٨ هەزار دیناربێت.
جەمال کۆچەر، ئاماژەی بەوەشدا، سەرجەمی دیدار و کۆبوونەوەکان هیچ سودێکیان نابێ ئەگەر حکومەت و وەزارەتی دارایی و بانکی ناوەندی پێکەوە بڕیارێک دەرنەکەن لەبارەی بەرزکردنەوەی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار.
ئەمە لەکاتێکدایە، لە ماوەی رابردوو بانکی ناوەندی عێراق رایگەیاند، بڕی پێنج ترلیۆن دیناریان بۆ پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون و تەواوکردنی کۆمەڵگەکانی نیشتەجێبوون تەرخانکردووە، کە ئەوە دەکرێت هاوکاربێت لە کەمکردنەوەی رێژەی بێکاری و هەلی زیاتر بۆ گەنجان دەڕەخسێنێت و کاریگەری گۆڕانکارییەکانی نرخی دۆلار کەمبکاتەوە.
دەشڵێت، بەم هەنگاوە رێژەی بێکاری کەمدەبێتەوە و پشتیوانی کەرتی کشتوکاڵ و پیشەسازی و نیشتەجێبوون دەکات و بەمەش بەرهەمی ناوخۆیی زیاددەکات و کۆت و بەندە رۆتینییەکان کەمدەکاتەوە.
بەگوێرەی راگەیەنراوەکە، بڕیاردراوە سزای توندی ئەو بانکانە بدەن کە پابەندی یاسا و رێنماییەکان نابن، هاوکات، کاردەکەن بۆ کاراکردنی بەستنەوەی وەزارەتی بازرگانی و وەزارەتی دارایی و هەردوو دەستەی گومرگ و باج لە رێگەی هێڵی ئینتەرنێتەوە.
لە مانگی کانونی یەکەمی ساڵی رابردوودا، بانکی ناوەندی عێراق نرخی ١٠٠ دۆلاری لە نزیکەی ١٢٠ هەزار دینارەوە بۆ نزیکەی ١٤٥ هەزار دینار بەرزکردەوە و ئەوەش کاریگەری کردە سەر کار و داهاتی هاوڵاتیان و کاردانەوەی جیاوازی بە دوای خۆیدا هێنا.
بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بۆ زیاتر لە ١٥٠ هەزار دینار بۆ یەکەمجارە لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ـەوە لە بازاڕەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان بەرامبەر دیناری عێراقی؛ بەرزترین نرخ تۆماربکات، کە لە ئێستادا گەیشتووەتە ئەوەی نرخی ١٠٠ دۆلار بە ١٤٧ هەزار و ٩٠٠ دینار مامەڵەی پێوەدەکرێت.