پەیکی نەتەوەیەکگرتووەکان، لەسەردانێکیدا بۆ شاری کەربەلا، سەردانی ماڵی چالاکوانی خۆپیشاندانەکان، ئیھاب جەواد وەزنی کرد کە لەم دواییانهدا لەو شارە کوژرا، راشیگەیاند، "دەبێت بکوژی چالاکوانان بە سزای خۆیان بگەن".
جینین پلاسخارت پەیکی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە میانی سەردانەکەیدا سەرهخۆشی خۆی بە خانەوادەی ئیهاب جەواد وەزنی گەیاند و ھەوڵەکانی نەتەوەیەکگرتووەکانیشی بۆ برەودان بە لێپێچینەوە لەو پەلامارانە خستەڕوو کە چالاکوانە سیاسی و مەدەنییەکان لە عێراق دەکەنە ئامانج.
پلاسخارت ھەروەھا جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە کە تاوانباران دەبێت بەسزای خۆیان بگەن.
رۆژی ٩ی ئایاری رابردوو، چالاکوانی خۆپیشاندانەکان، ئیهاب جەواد وەزنی لەلایەن ژمارەیەک چەکداری نەناسراوەوه لە بەردەم ماڵەکەی خۆی لە شاری کەربەلا کوژرا.