سەردێڕ:

دادگایەکی عێراق سزای لە سێدارەدانی بۆ ١٣ ئەندامی داعش دەرکرد

فۆتۆ: 
2021-06-25

763 جار خوێندراوەتەوە

دادگای تاوانەکانی کەرخ لە شاری بەغدای پایتەخت رایگەیاند، دوای ئەوەی ١٣ کەس دانیاننا بەوەی سەربە گروپی چەکداری داعشن و تاوانیان ئەنجامداوە، دادگاکە سزای لە سێدارەدانی بۆ دەرکردن.


ناوەندی راگەیاندنی ئەنجومەنی دادگای باڵا راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، "تۆمەتبارەکان دانیان بەوەداناوە لە مانگی رەمەزانی ٢٠١٩ کاری تیرۆرستیان ئەنجامداوە".

لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا هاتووە، دادگا بەڵگەکانی بینیوە کە دەیسەلمێنێت ئەو ١٣ کەسە سەربە گروپی چەکداری داعشن و لەکاتی دەستگیرکردنیاندا چەک و پێناسی ساختەیان پێبووە.

لەلایەکی دیکەوە، شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق لە راگەیەنراوێکیدا دەستگیرکردنی نۆ ئەندامی گروپی چەکداری داعشی لە پارێزگای کەرکوک راگەیاند.

بەگوێرەی راگەیەنراوەکە، یەکێک لە دەستگیراوەکان ژنە و سەرجەمیان لەلایەن مەفرەزەکانی ئاژانسی هەواڵگری و لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ دەستگیرکراون.

لە حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٤دا، گروپی چەکداری دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) سەریهەڵدا و لە ماوەیەکی کەمدا دەستی بەسەر بەشێکی زۆر لە خاکی عێراق و سوریادا گرت، دواتریش لە١٠ی کانونی یەکەمی ٢٠١٧دا هێزە سەربازییەکانی عێراق سەرکەوتنی یەکجارییان بەسەر ئەو گروپەدا راگەیاند.

كـ ، ئـ