پەیامنێری ئێن ئار تی لە کەرکوک ئاماژەی بەوەدا، لە ئەنجامی هێرشی چەند چەکدارێکی نەناسراو لە ناوچەی غێدە بۆسەر بنکەی پۆلیسی قەزای داقوق لە باشوری کەرکوک پێنج پۆلیس کوژران.
ئەمڕۆ هەینی، پەیامنێری ئێن ئاڕ تی ئەوەی خستەڕوو، درەنگانی شەوی رابردوو لە ناوچەی غێدە لە قەزای داقوق چەند چەکدارێکی نەناسراو کە لەلایەن هێزە عێراقییەکانەوە بە چەکدارانی داعش ناودەهێنرێن هێرشیان کردە سەر لیوای بیستی پۆلیسی فیدڕاڵی.
بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری ئێن ئاڕ تی ، سەرەتا تەنها تەقە لە نێوان پۆلیسی فیدڕاڵی و ئەو چەکدارانە روویداوە و کامێرای چاودێری پۆلیسی فیدڕاڵیان شکاندووە.
پەیامنێری ئێن ئاڕ تی ئاماژەی بەوەشدا، دواتر پۆلیسی فیدڕاڵی دەستیان کردووە بە تۆپباران کردنی ناوچەکە و لە ئەنجامدا چەکدارەکان هێرشیان کردووەتەوە بۆ سەر پۆلیس و بە هۆیەوە پێنج ئەندامی هێزی فیدڕاڵی کوژراون.