سەردێڕ:

لە لوتکەی بەغدا پڕۆژەی 'شامی نوێ' تاوتوێدەکەن

فۆتۆ: 
2021-06-24

4748 جار خوێندراوەتەوە

​رۆژی یەکشەممەی داهاتوو لوتکەی نێوان عێراق و ئەردەن و میسر بە ئامادەبوونی مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق و عەبدولفەتاح سیسی سەرۆکی میسر و شا عەبدوڵا پادشای ئەردەن لە بەغدای پایتەختی عێراق بەڕێوەدەچێت و تیایدا پرۆژەی "شامی نوێ" تاوتوێ دەکەن.


پرۆژەی شامی نوێ چییە؟

لە مانگی ئابی ٢٠٢٠ کاتێک مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە واشنتۆنی پایتەختی ئەمریکا لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەی "واشنتۆن پۆست"ی ئەمریکی بۆ یەکەمجار واژەی – چەمکی -  "شامی نوێ"ی بەکارهێنا.

لە لێدوانەکەیدا کازمی رایگەیاند، عێراق بەنیازە بچێتە ناو پڕۆژەیەکی ئابوری ستراتیجی گەورەوە کە هاوشێوەی پڕۆژەی "ئابوری ئەوروپی"ە و قاهیرە و بەغداد پێکەوە کۆدەکاتەوە و عەمانیش لە خۆدەگرێت و بەمەش بەرەیەکی هەرێمی لە ناوچەکەدا دروستدەکات بە ئامانجی روبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان.

حسێن جاسر شارەزای عێراقی لە  بواری ستراتیجی بە ماڵپەڕی سکای نیوزی عەرەبی راگەیاند، بیرۆکەی "شامی نوێ" لە ساتێکدا دروست نەبووە، بەڵکو لەسەردەمی حەیدەر عەبادی سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراقەوە سەریهەڵداوە، بەڵام لە حکومەتەکەی کازمیدا خەریکە بەپایاندەگات و چەندین دەستکەوتی ئابوری دەستەبەردەکات.

شارەزایان لەو باوەڕدان، پرۆژەی "شامی نوێ" پرۆژەیەکی هاوبەشی ئابوری و ستراتیجی نێوان عێراق و ئەردەن و میسرە و بوارەکانی ئابوری و وەبەرهێنان لە خۆدەگرێت، ئەگەرچی دەرگاکە بە کراوەیی هێڵدراوەتەوە تا وڵاتانی دیکەی عەرەبی بتوانن بێنە ناو پڕۆژەکەوە.

حسێن جاسر لەو باوەڕەدایە، پرۆژەی "شامی نوێ" لەسەر بنەمای لێک تێگەیشتن و بەرژەوەندی ئابوری لە نێوان عێراق و ئەردەن و میسر دامەزراوە.

دەشڵێت، پرۆژەکە پشتدەبەستێت بە سامانی سروشتی نەوتی عێراق و سامانی مرۆیی میسر و پێگەی جوگرافی سیاسی "جیۆپۆڵەتیکی" ئەردەن.

بە بڕوای شارەزایان، پێدەچێت لە ساڵی داهاتوودا پرۆژەی "شامی نوێ" ببێتە سەرهەڵدانی خۆرهەڵاتێکی نوێ و کەرتی ئابوری ببێتە چەقی سەرەکی بەرەیەکی نوێ لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا و چەندین پرۆژەی گەورەی ئابوری لە نێوان وڵاتانی کەنداو و شامی نوێ دەربکەون.

پرۆژە گەورەکان

لە لوتکەی قاهیرەدا کە لە مانگی ئابی ٢٠٢٠ بەڕێوەچوو، چەندین رێککەوتننامەی ئابوری و بازرگانی لە نێوان عێراق و میسر و ئەردەن واژۆکران. لە نێو ئەو پرۆژانەشدا دامەزراندن و چالاککردنی هێڵی نەوتی بەسرە- سینا کە لە پارێزگای بەسرەی باشوری عێراقەوە دەستپێدەکات و بە خاکی ئەردەندا تێپەڕدەبێت و دەگاتە سینا لە ناو خاکی میسر.

عەبدوڵا حەدیدی شرۆڤەکاری سیاسی ئەردەنی بە ماڵپەڕی سکای نیوزی عەرەبی راگەیاند، لەبەرامبەر دروستکردنی ئەو هێڵە نەوتە، هەریەک لە میسر و ئەردەن بە داشکاندنی ١٦ دۆلار بۆ هەربەرمیلێک دەتوانن نەوت لە عێراق بکڕن و لە بەرامبەردا وزەی کارەبا بۆ ئەو وڵاتە دابیندەکەن.

ئاماژەی بەوەشدا، پەیوەندی سیاسی نێوان ئەردەن و میسر و عێراق بەرەی روبەڕووبوونەوەی تیرۆر و بەکارهێنانی چەک لەدەرەوەی یاسا لەلایەن گروپە چەکدارەکانەوە بەهێزتردەکات.

نەخشەیەکی نوێ

شارەزایان ئەوەیان نەشاردووەتەوە لە کاتی سەرکەوتنی پڕۆژەی "شامی نوێ" و جێبەجێکردنی، نەخشەیەکی نوێی سیاسی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا دروستدەکات.

محەمەد موحسین سەرۆکی کۆڕبەندی عەرەبی بۆ شرۆڤەی سیاسەتەکانی ئێران بە ماڵپەڕی سکای نیوزی عەرەبی راگەیاند، پرۆژەی شامی نوێ ناکرێت بە تەنها بخزێندرێتە ناو بۆرییە نەوتەکانەوە، بەڵکو زۆر لەوە گەورەترە.

وتیشی، پرۆژەکە هێندە فراواندەبێت وڵاتێکی گەورەی وەک میسر لە خۆدەگرێت و چاوەڕێشدەکرێت وڵاتی دیکە لە ناوچەکە بچنە ناو پرۆژەکەوە.

ئاماژەی بەوەشدا، پڕۆژەکە نەوت تێدەپەڕێنێت و نیمچە دورگەی سینا بە هێڵێکی ئابوری گەورەوە، کە لە ئێستادا لە گەشەسەندندایە، بە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی دەبەستێتەوە و ناوەندێکی فراوانی هەژموونی سیاسیش دروستدەکات.

گێڕانەوەی متمانە بۆ عێراق

سازدانی لوتکەی بەغدا لە نێوان عێراق و میسر و ئەردەن بە ئامدەبوونی کەسانی یەکەمی لوتکەی هەرەمی دەسەڵات لەو سێ وڵاتە، هەوڵدانی بەغدایە بۆ گێڕانەوەی متمانە بۆ خۆی، بەوەی بە جیهان بڵێت، ئاسایش و ئەمنی عێراق بە قۆناغێک گەیشتووە دەتوانێت ئەمنییەتی لوتکەیەکی لەو شێوەیە بپارێزێت.  بەمەش جارێکی دیکە عێراق دەیهەوێت بە هێزەوە بگەڕێتەوە سەر شانۆی سیاسی ناوچەکە و جیهان.

بە رای چاودێران و شارەزایان، سەردانەکەی پاپا فرەنسیس پاپای ڤاتیکان بۆ عێراق لە ماوەی رابردوودا و مانەوەی بۆ ماوەی چەند رۆژێک و سەردانی کردنی چەندین ناوچەی گرنگ لەو وڵاتەدا، پەیامێک بوو بۆ جیهان کە عێراق چیدی عێراقەکەی پێشوو نەماوە، بەڵکو لە ئێستادا دەتوانێت پێشوازی لە شاند و نوێنەرایەتییە فەرمی و نێودەوڵەتییەکان بکات و ئاسایشیان بۆ دابین بکات.

کامەران ئەحمەد