سەردێڕ:

وەزارەتی بازرگانی عێراق فۆڕمی خۆراک بە ئەلیکترۆنی دەکات

فۆتۆ: 
2021-06-24

4987 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی بازرگانی عێراق رایگەیاند، بەم نزیکانە پەرە بە پڕۆژەی فۆڕمی ئەلیکترۆنی خۆراک دەدرێت و دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە، دەشڵێت، "بۆ تۆمارکردنی هەر گۆڕانکارییەک لە رێگەی مۆبایلەوە ئەنجامدەدرێت".


ئەمڕۆ پێنجشەممە، حەبیب موسەوی بریکاری وەزیری بازرگانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگیاند، بەم نزیکانە وەزارەت پرۆژەی گۆڕینی فۆڕمی خۆراک لە کاغەزەوە بۆ فۆڕمێکی ئەلیکترۆنی دەخاتە بوارە جێبەجێکردنەوە.

ئەوەشی خستەڕوو، پرۆژەکە بە هەماهەنگی لەگەڵ رێکخراوی خۆراکی جیهانی ئەنجامدەدرێت و بۆ ئەم مەبەستە و بە ئامانجی سەرکەوتنی پرۆژەکە چەندین کارمەندی سەربەوەزارەت خولی راهێنان وەردەگرن.

حەبیب موسەوی باسی لەوەشکرد، پرۆژەکە بریتیە لە پرۆسەی چاودێریکردن لەلایەن فەرمانگەی پلاندانانی وەزارەتی بازرگانی و بەمەش دەتوانرێت بەشێک لە دیاردەی گەندەڵی کۆتایی پێبهێنن.

دەشڵێت، هەموو ئەو گۆڕانکارییانەی لە خێزانێکدا روودەدات لە زیادبوونی منداڵ و لێکجیابوونەوە و هەڵوەشاندنەوەی خێزان دەتوانن لە رێگەی مۆبایلەکانیانەوە بە سادەترین و ئاسانترین شێوە گۆڕانکارییەکانیان تۆماربکەن بێ ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ هیچ فەرمانگەیەک.

بریکاری وەزیری بازرگانی وتیشی، هەر بڕە پارەیەک کە پێویستبێت هاوڵاتی بیدات، دەتوانێت لە رێکەی کۆمپانیاکانی پارەدانی ئەلیکترۆنییەوە پارەکانیان بدەن.

ئاشکراشی کرد، هەموو ئەو داتایانەی تایبەتن بە خێزان و ئەندامەکانیانەوە، تەنها بەفەرمانی دادوەرنەبێت هیچ کەس ناتوانێت ئەو زانیاریانە دەستبخات لە پێناو پاراستنیان.

سیستمی بەشەخۆراکی مانگانە لە عێراقدا بە گوێرەی بڕیاری ژمارە ٩٨٦ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێوەدەڵەتی لە ١٤ی نیسانی ١٩٩٥ دەرچوو و لەمانگی ئایاری ١٩٩٦ـەوە کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە و ٩٠% خێزانە عێراقییەکان بەشێوەیەکی سەرەکی پشتیان پێدەبەست و تا ئێستاش کاریگەری لەسەر ژمارەیەکی زۆر لە خێزانەکان هەیە.

 

كـ ، ئـ