شاندێکی عێراقی بە سەرۆکایەتی مەهدی رەشید وەزیری سەرچاوە ئاوییەکان بە سەردانێکی فەرمی گەیشتنە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا بە ئامانجی گفتوگۆکردن لەبارەی بە دووبارە دابەشکردنی ئاو لە نێوانیاندا، بەگوێرەی "پێوەرەکانی قەیرانی ئاو"یش لە ساڵی ٢٠٤٠ عێراق روباری تێدا نامێنێت.
لە مانگی ئایاری رابردوودا، روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، ئاستی ئاوی فوڕات، کە بەگوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکان بەهۆی ئەوەی بە چەند وڵاتێکدا تێدەپەڕێت، بە رووبار هەژماردەکرێت، پێنج مەتر لە ئاستی ئاسایی خۆی کەمیکردووە، ئەمەش یەکەمجارە لە مێژووی ئەو رووبارەدا بەهۆی گلدانەوەی ئاو لەلایەن حکومەتی تورکیاوە روبەڕوی ئەو قەیرانەببێتەوە.
لەلایەن خۆیەوە، عەبدوڕەحمان مەشهەدانی شارەزای ئابوری و مامۆستای زانکۆ لە عێراق ئاماژەی بەوەداوە، ئەو کۆمەڵە بەنداوانەی تورکیا لەسەر رووباری فوڕات بونیادی ناون، بەتایبەتی بەنداوی ئەلیسۆ، بووەتە هۆی گلدانەوەی بڕێکی زۆر لە ئاوی عێراق.
لەبارەی ئەو هەنگاوانەی کە دەبوو حکومەتی عێراق وەک چارەسەر بیگرتنایەبەر، بەڵام پشگوێی خستوون، عەبدوڕەحمان مەشهەدانی باسی لەوەکرد، شێوازی ئاودێری لە عێراق جیاوازە و هێشتا شێوازی کۆن بەکاردەهێنرێت و نەتوانراوە سود لە شێوازی ئاودێری مۆدێرن وەربگیرێت، ئەمەش وایکردووە بڕێکی زۆر ئاو بەفیڕۆ بدرێت، لە ساڵی ٢٠١٨ رێژەی ٨٠% ئاوی ئاودێری کە دەیتوانی ئاوی خواردنەوە بۆ سێ یەکی دانیشتوانی وڵات دابینبکات بەفیڕۆ دراوە.
دەشڵێت، پێویستبوو حکومەتی عێراقی چەند بەند و عەمباری گلدانەوە و هەڵگرتنی ئاو و دەریاچەی دەستکردی دروست بکردایە بە مەبەستی هەڵگرتن و گلدانەوەی ئاو، بەڵام لەکاتێکدا ئەمانەنین، قەیرانی کەمئاوی سەرهەڵدەدات.
لەو بارەیەشەوە، ئیسماعیل کایا شرۆڤەکاری سیاسی تورکیا ئاماژەی بەوەداوە، کێشەکە لە بڕی پشکی عێراقدا نییە، بەڵکو لە شێوازی ئیدارەدانی چۆنییەتی هەڵگرتن و دابەشکردنی ئاوە لەو وڵاتەدا کە بەدەست قەیرانی بە فیڕۆدان و نەبوونی ژێرخانی ئابوری باش و هۆکار و ئامرازە نوێیەکانی ئاودێرییەوە گرفتارە.
ئەمەش لەکاتێکدایە، لە چوارچێوەی پرۆژەی باشوری خۆرهەڵاتی ئانادۆڵ "گاپ" لە حەفتاکانی سەدەی رابردووەوە حکومەتی تورکیا دەستیپێکردووە، بە دروستکردنی پێنج بەنداوی گەورەی لەسەر روباری فوڕات دروستکردووە کە لە ئێستادا بەردەوامە لەکارکردن تێیاندا و کاریگەری لەسەر ئاست و بڕ و رێژەی ئاوی عێراق و هەرێم دەکات و چەندین کێشەی بۆ کەرتەکانی کشتوکاڵ و ئاودێری و گلدانەوەی ئاو دروستکردووە و پێشبینیدەکرێت لەداهاتوودا ئەگەر ئەم کێشانە چارەسەرنەکرێن قەیرانەکان قورستر و ئاڵۆزتردەبن.
كـ، ئـ