سەردێڕ:

پێشبینیدەکرێت زیاتر لە ١٠٠ کاندید لە هەڵبژاردنەکانی عێراق بکشێنەوە

فۆتۆ: 
2021-06-23

1915 جار خوێندراوەتەوە

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، پێشبینی دەکەن ژمارەی ئەو کاندیدانەی کە خواستیان ھەیە لە ھەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بکشێنەوە، بگاتە ١٠٠ کاندید.


ئەمڕۆ چوارشەممە، حەسەن سەلمان بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان بۆ میدیا عێراقییەکان باسی لەوەکردووە، ھەر کاندیدێک داواکاری سەبارەت بە کشانەوە لە ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پێشکەش بکات، ئەوا دووبارە ناتوانێت خۆی کاندید بکاتەوە و دەشلێت، "پێشبینی دەکەین ژمارەی ئەو کاندیدانەی کە خواستیان ھەیە بکشێنەوە بگاتە ١٠٠ کاندید".

بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان ئاماژەی بەوەشکردووە، کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکان، ھیچ پەیوەندییەکی بە ھۆکاری کشانەوەی کاندیدان نییە، ئەگەر کشانەوەکە بە بڕیاری کاندید خۆی بێت یان لە ژێر فشاردا بێت، ھەر کاندیدێک کە خواستی ھەیە لە ھەڵبژاردنی پێشوەختە بکشێتەوە دەبێت کشانەوەکەی بە رەزامەندی خۆی و پارتەکەی بێت.

پێشتر، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان ئاشكرایکرد، ژمارەی ئەو کەسانەی کە بۆ ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختە خۆیان کاندیدکردووە، گەیشتووەتە سێ ھەزار و ٥٢٣ کاندید.

بڕیارە رۆژی ١٠ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ، ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختە لە عێراق ئەنجام بدرێت و تیایدا ٢٥ ملیۆن و ١٣٩ ھەزار و ٣٧٥ دەنگدەر مافی بەشدارییکردنیان لە پڕۆسەکەدا ھەیە.