شانەی ئەمنی عێراق رایگەیاند، لەئۆپەراسیۆنێکی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراقدا ٣٣ داواکراو دەستگیرکران و دوو حەشارگەی چەکدارانیش لە پارێزگای کەرکوک خاپورکران.
شانەی راگەیاندنی ئەمنی سەربە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، هێزەکانی سەر بە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکوک پێنج داواکراویان بە ماددەی چواری تیرۆر و ٢٨ داواکراوی دیکەیان بە ماددەی جۆرا و جۆر دەستگیرکردووە.
بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، هێزەکانی سەر بە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکوک دوو حەشارگەی چەکدارانیان خاپور کردووە و دەستیان بەسەر ژمارەیەک پارچە چەک و بڕێک تەقەمەنیدا گرتووە، هاوکات وردەکاریی لەبارەی کات و شوێنی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن و دەستگیرکردنی داواکراوەکان و شوێنی حەشارگەکان نەخراوەتەڕوو.
سەرباری ئەوەی لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠١٧دا، ھێزە عێراقییەکان بە پاڵپشتی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش و دوای سێ ساڵ لە شەڕی بەردەوام دژبە چەکدارانی گروپی چەکداری داعش تێکشکانی یەکجارەکی ئەو گروپەیان راگەیاند، بەڵام شانە نوستووەکانی گروپەکە تاوەکو ئێستا بەردەوامن لە ھێرشەکانیان بهتایبهت لە پارێزگاکانی نەینەوا، کەرکوک، سەڵاحەدین و ئەنبار.