سەردێڕ:

سەرجەم وێستگەکانی کارەبای سێ پارێزگا لە کارکەوتن

فۆتۆ: 
2021-06-21

17610 جار خوێندراوەتەوە

چاوگێک لە بەڕێوەبەرایەتی دابەشکردنی کارەبای باشور لە عێراق رایگەیاند، " سەرجەم وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە سێ پارێزگای باشوری عێراق لەکارکەوتوون."


ئەمڕۆ دووشەممە، چاوگێک لە بەڕێوبەرایەتی دابەشکردنی کارەبای باشور لە عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، " لە کاتژمێر ٧ی ئەم ئێوارەوە سەرجەم وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە پارێزگاکانی بەسڕە، میسان، زیقار لەکارکەوتوون."

بەوتەی ئەو چاوگە، (Shut Down)ی تەواوەتی لە وێستگەکان بەهۆی بەرزبوونەوەی شەپۆلی ڤۆڵتێی کارەباوە بووە.

لە راگەیەنراوێکیشدا وەزارەتی کارەبای عێراق، هۆکاری پچرانەکەی بۆ بەربەستێکی هونەری گەڕاندەوە و بەپێی راگەیەنراوەکەشیان، "بەمنزیکانە چارەسەر دەبێت."

ئەوەش لەکاتێکدایە، لە ئێستادا پلەکانی گەرمی لە عێراقدا بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە و خواست لەسەر کارەباش زیاتربووە، بەڵام دابینکردنی کارەبا لە تەواوی عێراق بە شارەکانی هەرێمیشەوە بەرەو کەمبوونەوە دەچێت.