میدیا عێراقییەکان بڵاویانکردەوە، هێزە ئەمنیەکانی پارێزگای ئەنبار توانیان چوار کەس دەستگیر بکەن بە تۆمەتی هێرشکردنە سەر بنکەی سەربازی عەین ئەسەد.
میدیاکان باسیشیان لەوەکردوە، دەزگای هەواڵگیری عێراق ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنی لە پارێزگای ئەنبار ئەنجامدا و توانیان چوار تۆمەتبار دەستگیر بکەن کە دەستیان هەبووە لە هێرشکردنە سەر بنکەی سەربازی عەین ئەسەد بە موشەکی کاتیۆشا.
باسی لەوەشکردووە، ئۆپەراسیۆنی دەستگیکردنەکە بە فەرمانێکی باڵا ئەنجامدراوە .
دوێنی دووشەممە میدیا عێراقییەکان لە زاری چاوگێکی ئەمنییەوە بڵاویانکردەوە، بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد کە هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی تێیدا جێگیرکراوە چەند موشەکێکی ئاڕاستەکراوە و تا ئێستا زیانەکان ئاشکرانەکراوە.
لەوبارەیەوە، شانەی ئەمنی عێراق رایگەیاند، هێزە ئەمنییەکان دەستیانکردووە بە لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو هێرشەی کە بە کاتیۆشا کراوەتەسەر سەربازگەی عەین ئەسەد.
رۆژی ١٨ی مانگیش، شانەی ئەمنی عێراق دەستبەسەرداگرتنی پێنج موشەک و سەکۆکانی لەنێو ئۆتۆمبێلێکدا لە پارێزگای نەینەوا راگەیاند.
لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو، ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم رایگەیاند، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بە شەش موشەک کراوەتە ئامانج، کە لە ناوچەکانی رۆژئاوای پارێزگای نەینەواوە ئاراستەکرابوون.