سەردێڕ:

کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق رێکارەکانی بانگەشەی هەڵبژاردنی راگەیاند

فۆتۆ: 
2021-06-21

4657 جار خوێندراوەتەوە

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق رێکارەکانی بانگەشەی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند و دەڵێت، بەكارهێنانی فەرمانگە حكومییەكان و شوێنە ئاینییەكان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن قەدەغەیە.


جومانە غەلای وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان ئاماژەى بەوەکردووە، ئەنجومەنی كۆمسیاران سیستمی ئەنجامدانی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەسەندکردووە، بەپێی رێنماییەكی كۆمسیۆن:

-لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا رێگا نادرێت كاندید و پارتە سیاسیەكان و هاوپەیمانێتیەكان زانیاری هەڵە و ساختە یاخود شێوازی ناوزڕاندن دژی كاندیدانی دیكە بەكاربهێنن.

-رێگا نادرێت رق و كینە و بیری توندوتیژی و ناكۆكی نەتەوەیی و تائیفی و دینی لە بانگەشەی هەڵبژاردندا كاری لەسەر بكرێت.

-نابێت پۆستەر و بەرنامەی هەڵبژاردن و بە دووری كەمتر لە سەد مەتر لە ناوەندەكانی دەنگدان هەڵبواسرێن.

-بەكارهێنانی ماددەی لكێنەر بۆ هەڵواسینی وێنەی كاندید و پۆستەری بانگەشە و نووسین لەسەر دیوار قەدەغەیە.

ئەوەشی خستەڕوو، لەبارەی چۆنییەتی ئەنجامدانی بانگەشە و ئەو شوێنانەی كە بانگەشەكردن تێیدا قەدەغەیە، لەگەڵ شارەوانییەکان هەماهەنگی دەكەن.

بڕیارە لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت، کە لە ٣١ی ئازاری ئەمساڵدا پەرلەمانی عێراق بڕیاریدا سێ رۆژ بەر لە هەڵبژاردنەکان خۆی هەڵبوەشێنێتەوە.

هـ.ئـ