وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایگەیاند، تا ئێستا ٩٧ رەگەزنامەی عێراقی دراوە بەو منداڵە ئاوارانەی گەڕاونەتەوە بۆ وڵات و دایک و باوکیان عێراقین. دەشڵێت، "لە داھاتوودا رەگەزنامەی عێراقی بە منداڵە ئاوارە گەڕاوەکانی دیکە دەدرێت".
کەریم نوری بریکاری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بە ئامانجی دەرکردنی رەگەزنامەی عێراقی بۆ ئەو منداڵانەی کە لە ئاوارەیی لەدایکبوون و دایک و باوکیان عێراقین و گەڕاونەتەوە وڵات، لیژنەیەکی ھاوبەش لەنێوان وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران و فەرمانگەی باری شارستانیی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ پێکھێنراوە.
ئاماژەی بەوەشدا، لەو چوارچێوەیەشدا تا ئێستا ٩٧ رەگەزنامەی عێراقی دراوە بەو منداڵە ئاوارانەی گەڕاونەتەوە بۆ وڵات و دایک و باوکیان عێراقین. دەشڵێت، "لە داھاتووشدا رەگەزنامەی عێراقی بە منداڵە ئاوارە گەڕاوەکانی دیکە دەدرێت."
لەبارەی ناڕەزایەتییەکانی ئێزدییەکان لە گەڕاندنەوەی ژمارەیەک خێزانی ئاوارەی عێراقی لە کەمپی ھۆلەوە لە سوریا بۆ سنوری پارێزگای نەینەوا، کەریم نوری وتی، "پێکھاتەی ئێزدی مافی خۆیەتی ناڕەزایی خۆی لەوبارەیەوە دەرببڕێت و سکاڵایش لەسەر ئەو کەسانە تۆمار بکات کە بەشداریانکردووە لە کوشتن و رفاندنی ھاوڵاتی ئێزدی، بەڵام بەو مەرجەی بەڵگەی سەڵمێندارو لەوبارەیەوە بخرێتەڕوو".
بریکاری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران ئەوەشی خستەڕوو، "پاڵپشتی لە کەسانی بێ تاوان دەکەین و لە ھەمان کاتدا دژبە تاوانبارانین، لەبەر ئەوەی دادگا بوونی ھەیە، موزایدەکردن لەسەر دۆسیەی ئاوارە گەڕاوەکان لە سوریا، رەتدەکەینەوە".