سەردێڕ:

خۆراك دابەشکردن لە خوێندنگاکان دەستپێدەکاتەوە

فۆتۆ: 
2021-06-20

12739 جار خوێندراوەتەوە

بەرنامەی خۆراکی جیهانی رایگەیاند، پلانیان داناوە ساڵی داهاتوو هاوکاری پێشکەشی ٨٤٩ هەزار عێراقی بکەن و ئاماژەی بە گەڕانەوەی بەرنامەی دابەشکردنی خۆراك لە خوێندنگاکانی وڵات کردووە.


عەبدولرەحمان میجاج نوێنەری بەرنامەی خۆراکی جیهانی لە عێراق ئەوەی خستووەتەڕوو، بەرنامەکە و هاوەڵەکانیان لەنێوانیاندا حکومەتی عێراقی زانیاری ئەوەیان هەیە چەندین خێزان هەن بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە بۆ ساڵی دووەم و لەم کاتەدا پێویستیان بە یارمەتی هەیە.

باسی لەوەشکردووە، بەرنامەکە لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە هەڵدەستێت بە ئیدارەدانی بەرنامەی نیشتیمانی خۆراکی لە خوێندنگاکان لەساڵی داهاتوودا لەکاتی دەست پێکردنەوەی دەوامیاندا.

ئاشکراشیکردووە، لەگەڵ پارێزگای بەسرەدا هەماهەنگییان بۆ دابەشکردنی مینحەیەك بە خوێندکارە کچەکان کردووە بەمەبەستی پڕکردنەوەی پێداویستی خۆراک و خوێندن.

میجاج راشیگەیاند، پلاندانراوە نزیکەی چوار ملیۆن دۆلار وەکو یارمەتی مانگانە بەسەر ٨٤٩ هاوڵاتی لەسەرانسەری عێراقدا دابەشبکرێت.

بەرنامەی خۆراكی جیهانی نەتەوە یەكگرتووەكان، براوەی خەلاتی نۆبڵی ٢٠٢٠ـە، خۆیان دەڵێن، "ئێمە گەورەترین رێكخراوی مرۆیی جیهانین، ژیان رزگار دەكەین لە دۆخە نەخوازراوەكان دا و یارمەتییە خۆراكییەكان بەكاردەهێنین بۆ بنیاتنانی ڕێگایەك بۆ ئاشتی، ئارامی و بەختەوەریی و بوژانەوەی خەڵكی لە پاش ململانێ، قەیرانەكان و كاریگەریی گۆڕانی كەش و ئاو و هەوا."