سەردێڕ:

بە موشەک هێرشکرایەسەر بنکەیەکی سەربازی ئەمریکا

فۆتۆ: 
2021-06-20

3517 جار خوێندراوەتەوە

سەرچاوەیەکی ئەمنی لە عێراق رایگەیاند، چەند موشەکێک ئاڕاستەی هێزەکانی ئەمریکا لە بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار کراوە و تا ئێستا زیانەکان ئاشکرانەکراوە.


میدیا عێراقییەکان لە زاری چاوگێکی ئەمنییەوە بڵاویانکردەوە، بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد کە هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی تێیدا جێگیرکراوە چەند موشەکێکی ئاڕاستەکراوە و تا ئێستا زیانەکان ئاشکرانەکراوە.

لەوبارەیەوە، شانەی ئەمنی عێراق رایگەیاند، هێزە ئەمنییەکان دەستیانکردووە بە لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو هێرشەی کە بە کاتیۆشا کراوەتەسەر سەربازگەی عەین ئەسەد.

رۆژی ١٨ی مانگیش، شانەی ئەمنی عێراق دەستبەسەرداگرتنی پێنج موشەک و سەکۆکانی لەنێو ئۆتۆمبێلێکدا لە پارێزگای نەینەوا راگەیاند.

لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو، ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم رایگەیاند، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بە شەش موشەک کراوەتە ئامانج، کە لە ناوچەکانی رۆژئاوای پارێزگای نەینەواوە ئاراستەکرابوون.

لە چەند مانگی رابردووشدا، ئەو بنکە سەربازییانەی، کە هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق تیایدا جێگیرکراون روبەڕوی هێرشی موشەکیی بوونەتەوە و لەوبارەیەشەوە، واشنتن گروپە چەکدارییەکانی نزیک لە ئێران بە بەرپرسیاری ئەو هێرشانە دەزانێت.