سەردێڕ:

زاوایەکی سەدام دوای ١٨ ساڵ لە زیندان ئازادکرا

فۆتۆ: 
2021-06-19

5154 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی دادی عێراق ئازادکردنی جەمال مستەفا زاوای سەدام حوسێنی راگەیاند، کە ماوەی ١٨ ساڵ بوو لە زینداندا بوو.


بەپێی بەڵگەنامەیەکی وەزارەتی دادی عێراق، دادگای تاوانەکانی ناوەندی، بڕیاریداوە بە ھەڵوشاندنەوەی ئەو تۆمەتانەی کە ئاراستەی جەمال مستەفا کراوە و ھەروەھا ئازادکردنی ناوبراو، ئەگەر لەسەر دۆسیەی دیکە داواکراو نەبێت.

ئاماژە بەوەشدراوە کە بەھۆی نەبوونی بەڵگەی پێویست، ئەو تۆمەتانەی کە ئاراستەی جەمال مستەفا کرابوون، ھەڵوەشێندراوەنەتەوە و ئازادکراوە.

جەمال مستەفا تەمەن ٦٦ ساڵ لەسەردەمی رژێمی پێشووتری عێراقدا، ئەفسەر بوو لە سوپا بە پلەی موقەدەم و ھاوسەری حەلا کچە بچووکی سەدام حوسێن بوو.

جەمال مستەفا لە ساڵی ٢٠٠٣دا لەگەڵ ٥١ کەسی دیکە بەتۆمەتی ئەنجامدانی تاوان دژ بە مرۆڤایەتییەوە لەلایەن ئەمریکاوە خرابوونە نێو لیستی داواکراوانەوە.

لە ٢٠ی نیسانی ٢٠٠٣دا و دوای ١١ رۆژ لە رووخاندنی رژێمی سەدام حوسێن، جەمال مستەفا لە لایەن ھێزەکانی ئەمریکاوە دەستگیرکرابوو.