لە کەرکوک چەند چەکدارێکی نەناسراو هێرشیانکردووەتە سەر ماڵێک و کچێکی ماڵەکەیان بریندارکردووە و لێیان داوە، خاوەنی ماڵەکەش دەڵێت، "کێشەم لەگەڵ هیچ کەسێکدا نییە و داوا دەکەم لایەنی پەیوەندیدار بێتە سەر خەت بۆ ئەو بابەتە."
رووداوەکە شەوی رابردوو روویداوە و بە وتەی خاوەن ماڵەکە چەکدارەکان ژمارەیان لە نێوان حەوت بۆ هەشت کەسدابووە، کە چەک و چەقۆیان پێبووە و بە سێ ئۆتۆمبێلەوە چوونەتە سەریان.
خاوەنی ماڵەکە بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، کە چەکدارەکان لە بەسی پێشەوە و پشتەوەی ماڵەکەیەوە هێرشیانکردووە و تەقەیەکی زۆریان بە ماڵەکەدا کردووە، وتیشی، منداڵەکانی کە ژمارەیان چوار منداڵە زۆر ترساون و ناوێرن لە ژوورەوە بێنە دەرەوە.
باسی لەوەشكرد، ئەو چەکدارانە هێرشیانکردووەتە سەر کچە گەورەکەی و ئەویش ویستوویەتی لەژێر دەستیان رابکات، بەڵام لێیان داوە و چوار چەقۆیان لە دەستەکانی داوە.
وتیشی، "ئەو کەسانە بەپێی زمانیان کە قسەیان دەکرد بە تورکمانی قسەیان کردووە و هێشتا شوێنی فیشەکەکانیش بە ماڵەکەوەیە."
روونیشیکردەوە، کە سکاڵای یاسایی تۆمارکردووە و داواش دەکات، لایەنی پەیوەندیدار بە هانایەوە بچێت.
هـ.ئـ