سەردێڕ:

سروە‌ عە‌بدولواحید زانیاری نوێ لە‌سە‌ر ھاتنی پارە‌كە‌ی بە‌غدا ئاشكرادە‌كات

فۆتۆ: 
2021-06-17

11065 جار خوێندراوەتەوە

سروە عەبدولواحید رایگەیاند، نەوەی نوێ بۆیە ئۆپۆزسیۆنە چونکە دەسەڵاتێک نییە موچەی خەڵک بدات، دەشڵێت، "لەم چەند رۆژەدا پارەکەی بەغدا دەگاتە هەرێمی کوردستان."


سروە عەبدولواحید ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق لە تاوتوێی ئێن ئاڕ تیدا رایگەیاند، "ناردنی پارەکەی بەغدا بۆ هەرێمی کوردستان لە دەرەوەی رێککەوتنی هەرێم و بەغدایە و بەغدا وەک سولفە و قەرز دەیداتە هەرێم و بەرپرسانی هەرێم خۆیان داوای ئەو سولفەیان کردووە."

ئەو ئەندامەی پێشووی پەرلەمانی عێراق راشیگەیاند، "ئەم حکومەتەش نەبێت حکومەتی داهاتوی عێراق داوای دەکاتەوە لە هەرێمی کوردستان و ناکرێت حکومەتی هەرێم خۆی بخاتە ژێر ئەو هەموو قەرزەوە."

رۆژی ١٥ی ئەم مانگە، مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هەرێم رایگەیاند، لەگەڵ بەغدا رێککەوتوون بەشە بودجەی هەرێم بگەڕێنرێتەوە.

١٢ی ئەم مانگە، رێباز حەملان یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری دارایی و وەبەرهێنان لە تاوتوێی ئێن ئاڕ تیدا رایگەیاند، "ئەگەر بەغدا پارەش بنێرێت ناتوانین بڵێین ١٠٠٪ لێبڕینی موچە کۆتایی پێ دێت"، دەشڵێت، "بەپێی داهاتی بەردەستی خۆمان و پارەکەی بەغدا بڕیار لەسەر موچە دەدەین بێ لێبڕین."

ماوەی زیاتر لە دوو مانگە، بودجەی عێراق پەسەندکراوە، پشکى هەرێم لە بودجەی عێراق بە ١٢.٦٧٪ دیارییکراوە، لە بەرامبەردا، حکومەتى هەرێم پابەندکراوە بە رادەستکردنى ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بە نرخى سۆمۆ لەگەڵ رادەستکردنى نیوەی لە داهاتی خاڵە سنورییەکان، بەڵام تا ئێستا هیچ بڕە پارەیەک لە بەغداوە نەهاتووە بۆ هەرێم.

سروە عەبدولواحید وتووشییەتی، "نەوەی نوێ بۆیە ئۆپۆزسیۆنە چونکە دەسەڵاتێک نییە موچەی خەڵک بدات و عەیبەیە، کە حکومەت موچە دەکاتە دەستکەوت"، دەشڵێت، "کێشەی ئێمە لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم ئەوەیە حزب دەستی گرتووە بەسەر جومگەکانی دەسەڵاتدا."

ئەوەشی خستەڕوو، دۆخی کورد لە بەغدا کشانەوەی بە خۆیەوە بینیووە و ساڵانی رابردوو لایەنە کوردییەکان باشی چەندین کێشە و باسی چارەسەرکردنی کێشەی ناوچەکانی مادەەی ١٤٠یان دەکرد، بەڵام ئێستا کێشەکان تەنها لە چوارچێوەی موچەدا کورت کراونەتەوە.

لەبارەی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراقەوە ئاماژەی بۆئەوەکرد، "ئەگەر بێت و پڕۆسەی هەڵبژاردن دوور بێت لەچەک و فشاری حزبی و چاودێرێکی نێودەوڵەتی تۆکمە هەبێت گۆڕانگاری روودەدات، بێگومان ئەگەر خەڵکی عێراق خۆیان بیانەوێت و دەنگ بدەن بەو لایەنەی کە خۆیان دەیانەوێت و پێیانوایە مافیان دەپارێزێت."

باسی لەوەشکرد، "وەک نەوەی نوێ خوازیاربوون سەرجەم لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن بە یەک لیست بەشداری هەڵبژاردنەکان بکەن و نەوەی نوێ هەمیشە لە بەرەی خەڵکدایە و ناچنە هیچ بەرەیەکەوە کە بەرەی دەسەڵات بێت."

ئەو ئەندامەی پێشووی پەرلەمانی عێراق دەشڵێت، هاوپەیمانێتییەکانی ئێستا بۆئەوەیە کە کێ پۆستی زیاتر وەربگرێت و پۆستەکان بۆ پاش هەڵبژاردن دابەشکراون.

بڕیارە لە مانگی ١٠ی ئەمساڵدا هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق بەڕێوەبچێت و نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکان شاند دەنێرنە عێراق و هەرێم.

شەنای فاتیح

ئاکار بەختیار