سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، عێراقی برایەتی بنیات دەنێن و لە هەموو ماڵێکدا گوێ لە خەڵک دەگرن.
مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە تویتێکدا ئەوەی خستووەتەڕوو، "دوێنێ لە سەڵاحەدین بووین، پێشتر لە ناسریە، بەسرە، موسەننا، میسان، هەولێر، واست، دیالە، كەربەلا، سلێمانی و موسڵ، لە هەموو ماڵێكی نیشتمان گوێ لە خەڵک دەگرین."
کازمی ئاماژەی بەوەشکردووە، "عێراقی برایەتی و ئارامی نیشتمانپەروەران بنیات دەنێین نەک ئەو هەلپەرستانەی، كە بازرگانی بە تائیفەگەری و رەگەزپەرستییەوە دەكەن."
رۆژی ١٢ی مانگ، لە کاتێکدا مستەفا کازمی سەرقاڵی کردنەوەی پرۆژەیەک بوو لە پارێزگای زیقار، ژمارەیەک لە هاوڵاتیان خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و هێرشیانکردە سەر کاروانی ئۆتۆمبێلەکانی کازمی.
ساڵێک بەسەر بوونی مستەفا کازمی بە سەرۆکوەزیرانی عێراق تێپەڕیوە و لەماوەی ئەمساڵەدا هەندێک پێیانوایە و لە ئاستی داواکارییەکانی شەقامدا بووە، لە بەرامبەردا بۆچوونێکی دیکە هەیە کە نەیتوانیوە داواکاری هاوڵاتیان جێبەجێبکات.
ئاکار بەختیار