سەردێڕ:

وەزیری بازرگانی عێراق لەبارەی نرخی گەنمەوە روونکردنەوە دەدات

فۆتۆ: 
2021-06-16

2684 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری بازرگانی و پیشەسازی هەرێم رایگەیاند، بۆ ئەوەی گەنمی باش و خراپ تێکەڵ نەبێت بە بڕیارێک گواستنەوەی گەنم لە نێوان سەرجەم پارێزگاکانی عێراق وەستێنراوە، وەزیری عێراقیش دەڵێت، نرخی وەرگرتنی گەنمی جوتیاران لە هەموو سایلۆکانی عێراق وەک یەکە و هیچ جیاوازی لە نرخدا نییە.


ئەمڕۆ چوارشەممە، لە کۆنفرانسێکی هەواڵی هاوبەشدا لەگەڵ عەلا جبوری وەزیری بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی فیدڕاڵی، کەمال موسلیم وەزیری بازرگانی هەرێم رایگەیاند، گفتوگۆیان لە بارەی فۆڕمی بەشە خۆراک و ئاش و تۆمارکردنی کۆمپانیاکان و شایستە داراییەکانی جوتیارانی هەرێم کردووە، ئاماژەی بەوەشدا، وەزیری بازرگانی فیدڕاڵی بەڵێنی پێداون کێشەی شایستەی دارایی ساڵانی رابردووی گەنمی جوتیارانی هەرێم بگەیەنێتە ئەنجومەنی وەزیران.

کەمال موسلیم ئەوەشی خستەڕوو، کۆی شایستە داراییەکانی جوتیارانی هەرێم بۆ ساڵی ٢٠٢٠ لەلایەن حکومەتی فیدڕاڵییەوە بۆ هەرێم نێردراوە.

لە بارەی بڕی وەرگرتنی گەنم لە لایەن حکومەتی فیدڕاڵییەوە وەزیری بازرگانی هەرێم وتیشی، "بڕی ئەو گەنمەی وەردەگیرێت وەزارەتی کشتوکاڵ دیاری دەکات و کاری ئێمە نییە، ئەمساڵ تەنها بڕی ٣٧٥ هەزا تەن گەنم وەردەگیرێت".

لە بارەی جیاوازی نرخی گەنمی وەرگیراو لە هەرێم و پارێزگاکانی دیکە، وەزیری بازرگانی حکومەتی فیدڕاڵ ئاماژەی بەوەشدا، هیچ جیاوازی لە نێوان نرخی وەرگرتنی گەنم نییە و بەهەمان نرخ لەهەموو پارێزگاکاندا لە جوتیاران وەردەگیرێت.

لەلایەن خۆیەوە، عەلا جبوری وەزیری بازرگانی عێراق لە بارەی دابەشکردنی بەشە خۆراکی مانگانەوە رایگەیاند، سەرەتای مانگی داهاتوو دەست بە دابەشکردنی بەشەخۆراک دەکرێت و باسمان لە رێکارەکانی ئامادەکاری کردووە.

لەبارەی کێشەی تۆمارکردنی کۆمپانیاکانی هەرێم و بەغدا باسی لەوەشکرد، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی پەیوەست بەم دۆسییەوە بڕیارە بەڕێوەبەری گشتی تۆمارکردنی کۆمپانیاکان لە بەغدا سەردانی هەرێم بکات.