شانەی ئەمنی عێراق رایگەیاند، لە بەغدا دوو فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان خرانە خوارەوە، کە یەکێکیان ماددەی تەقینەوەی هەڵگرتبوو.
ئەمڕۆ چوارشەممە، شانەی ئەمنی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لە شاری بەغدای پایتەختی عێراق فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانیان لە نزیک بنکەی سەربازی رەشید خستووەتەخوارەوە کە ماددەی تەقینەوەی هەڵگرتبوو.
ئەوەشی خستەڕوو، دواتر و لە ناوچەی کەرتان لە باشوری شاری بەغدا دووەم فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانیان خستووەتە خوارەوە.
لە ٩ی ئەم مانگە، فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوان هێرشیکردە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا کە بنکەیەکی هێزەکانی ئەمریکای تێدا جێگیرکراوە.
لە سەرەتای ئەمساڵیشەوە، تا ئێستا ٣٩ هێرشی موشەکی کراوەتە سەر بنکە سەربازی و کاروانی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لە عێراق و بنکە و بارەگا دیبلۆماتییەکان.
بەردەوام ئەمریکا ئەو گروپە چەکدارانە بە ئەنجامدانی هێرشەکان تۆمەتباردەکات کە نزیکن لە ئێرانەوە، هاوکات، لە ماوەی رابردووشدا چەندنجارێک و لە رێگەی موشەک بارانکردنەوە هێرشکراوەتە سەر هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەڵەتی هەولێر و بەغدا.
ک. ئـ
ئـ. بـ