لە پەیامێکدا سەرۆکی رەوتی سەدر، هیوای سەرکەوتن بۆ هەڵبژاردەی عێراق لە یاریەکەیان بەرامبەر ئێران دەخوازێت.
موقتەدا سەدر سەرۆکی رەوتی سەدر پەیامێکی بڵاوکردەوە و ئەوەشی تیادا هاتووە، جەخت لە ئەنجامدانی چاکسازی لە جومگەکانی وەزرش لە عێراق دەکەنەوە و دەبێت وەرزش لە گەندەڵی بە دووربێت.
ئاماژەی بەوەشداوە، هیچ کەسێک نوێنەرایەتیان لە جومگەکانی وەرزشدا ناکات، جگە لەو لیژنەیەی کە بۆ نەهێشتنی گەندەڵی لەو بوارەدا کارایە.
سێ مانگ لەمەوپێش، موقتەدا سەدر لیژنەیەکی بۆ نەهێشتنی گەندەڵی وەرزشی پێکهێنا و لە ئێستاشدا لەکارەکانی بەردەوامە.
ئەمشەو، لە پێناو گەیشتن بە قۆناغی کۆتایی پاڵاوتن بۆ مۆندیالی ٢٠٢٢ هەڵبژاردەی عێراق یارییەکی چارەنووسساز بەرامبەر ئێران ئەنجامدەدات و لەکاتی بردنەوەشیاندا خەڵات بۆ یاریزانەکان دانراوە.
عێراق لە دوو یاری رابردوودا توانیویەتی سەرکەوتن بەسەر هەردوو هەڵبژاردەی کەمبۆدیا و هۆنگ کۆنگ بەدەستبهێنێت و ئێرانیش لە بەحرەین و کەمبۆدیای بردووەتەوە.
هەڵبژاردەی عێراق لە مێژوی یارییەکانی مۆندیالدا، تەنها یەکجار و لە ساڵی ١٩٨٦دا بۆ پاڵەوانێتییەکە سەرکەوتووە کە لە وڵاتی مەکسیک بەڕێوەچوو، هەڵبژاردەی عێراق کەوتبووە گروپی بی و لەگەڵ هەڵبژاردەکانی پاراگوای و مەکسیک و بەلجیکادا یاری دەکرد.
لە یەکەم یاریدا ١ بە سفر بە پاراگوای دۆڕا و لە یاری دووەمدا ٢ بە ١ بە هەڵبژاردەی بە بەلجیکا دۆڕا و ئەحمەد رازی (لە ساڵی ٢٠٢٠دا بە ڤایرۆسی کۆرۆنا کۆچی دواییکرد) تاکە گۆڵی هەڵبژاردەی عێراقی لە مۆندیالدا تۆمارکرد، لە یاری سێیەمیشیدا هەڵبژاردەکە ١ بە سفر بە مەکسیک دۆڕا.
ئـ.م
ئـ. بـ