لیوا یەحیا رەسول وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، حکومەتی فیدڕالی جموجۆڵی دبلۆماسی دەستپێکردووە لەسەر ئەو پێشێلکاریانەی تورکیا کە لە نێو خاکی عێراق ئەنجامی دەدات.
لیوا یەحیا رەسول لە لێدوانێکی فەرمیدا رایگەیاند، جموجۆڵی دبلوماسی لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەستیپێکردووە سەبارەت بە دەستدرێژییە دووبارەکراوەکانی تورکیا لە ناو خاکی عێراق کە پێویسته سەرجەم وڵاتان رێز لەسەروەری خاکەکەی بگرن.
وتەبێژی سەربازی هێزە چەکدارەکانی عێراق وتیشی، دەستوری عێراق باس لە رێزگرتن لە بەها و سەروەری وڵاتانی دیکە دەکات و پێویسته بەهەمان شێوە وڵاتانی دیکە رێز لەسەروەری خاکەکەی بگرن.
لیوا یەحیا رەسول وتیشی، ئێمە رەتی دەکەینەوە خاکی عێراق ببێتە گۆڕەپانێک بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ، پێویسته تورکیا سەروەری عێراق بخاتە پێشچاوی خۆی و لەهەر کاتێکدا هەست بەنیگەرانی و هێرشی سەربازی بکات لەسەر وڵاتەکەی ئەوا زانیاری بدات بە عێراق بۆ ئەوەی ئێمە ئەو کارە لەئەستۆ بگرین.
لە ١٥ی مانگی رابردوو، بە بیانوی هەبوونی پارتی کرێکارانی کوردستان "پەکەکە" سوپای تورکیا هێرشەکانی بۆسەر هەردوو ناحیەی باتیفا و دەرکارێ لە سنوری قەزای زاخۆ دەستپێکرد و بەهۆی ئەو هێرشانەشەوە، زیانی گەورە بە رەز و ماڵ و باخی هاوڵاتیان کەوت، پاش تێپەڕینی مانگێکیش بەسەر ئەو هێرشانەی سوپای تورکیادا، ئێستا دۆخەکە لەو ناوچانە ئارامتربووە.
ئەو هێرشانەش نارەزایەتی هاوڵاتیان و لایەنەکانی حکومەتی هەرێم و عێراقی لێکەوتەوە و داوای وەستاندنی هێرش و لەسکرکێشییەکانیان بۆسەر خاکی عێراق کرد.