سەرۆکی دەستەی حەج و عەمرەى عێراق رایگەیاند، لە هەوڵدان بۆ ئەوەی سعودیە رێگەبدات، بەشێک لەو کەسانەی ناویان لە تیروپشک دەرچووە بەشداری مەراسیمی حەجی ئەمساڵ بکەن، لەحاڵەتی سووربوونی سعودیەش لەسەر بڕیارەکەی بە بەشداری نەکردنیان، ئەوا ئەوانەی ناویان هاتۆتەوە ساڵی داهاتوو بەشداری مەراسیمی حەج دەکەن.
سامی مەسعودی، سەرۆکی دەستەی حەج و عەمرەى عێراق بەئاژانسی فەرمی عێراقی راگەیاند، "سعودیە دەرگای بەڕووی هەموو وڵاتان داخستووە و فەریزەی حەجی ئەمساڵ تەنها بۆ ٦٠ هەزار کەس لەناوخۆی سعودییە کراوە دەبێت، لهبهر ئهوهى ئهو بریاره شاهانهییه و سعودیهش داواى لێبوردنى لهسهرجهم وڵاتان كردووه".
ئەوەشی خستەڕوو، بەردەوام لە سەر هێڵن لەگەڵ وەزارەتی حەج و عەمرەی سعودیە، "بۆ ئەوەی بەشێک لەو عێراقییانە فەریزەکەیان ئەنجام بدەن کە ناویان لە تیروپشک دەرچووە".
روونیشیكردهوه، "ئەو کەسانەی کە ئەمساڵ مافی حەج کردنیان هەبوو ئەوا ساڵی داهاتوو فەریزەکەیان بەجێ دەگەیەنن".
لە ١٢ى ئەم مانگەدا وەزارەتی حەج و عومرەی سعودیە ژمارەی حاجیانی ئەمساڵی بە ٦٠ هەزار کەس دیاریکرد و رایگەیاند، "ئەمساڵیش بەهۆی کۆرۆناوە رێگە بە حاجییانی دەرەوەی سعودیە نادرێت حەج بکەن".