سەردێڕ:

کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن لە بارەی کەمکردنەوەی کاندیدەکانەوە رونکردنەوە دەدات

فۆتۆ: 
2021-06-14

1257 جار خوێندراوەتەوە

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، بەگوێرەی بڵاوکردنەوەی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان لەبارەی کاندیدەکانەوە بۆ ھەڵبژاردنی داھاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، پێشبینیدەکرێت ژمارەی کاندیدەکان زیاتر کەم ببێتەوە.


نیبراس ئەبو سەودە یاریدەدەری وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند، لەئێستادا، لیستی نوێی تایبەت بە دوورخستنەوەی کاندیدان بۆ ھەڵبژاردنی داھاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە ئارادا نییە.

ئەوەشی خستەڕوو، لەئێستادا لێکۆڵینەوە لە کاندیدان بەردەوامە و ھێشتا دۆسیەی دوورخستنەوەی ژمارەیەک کاندید یەکلایی نەکراوەتەوە.

نیبراس ئەبو سەودە باسی لەوەشکرد، لەئێستادا ژمارەی کاندیدان بۆ ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختە، گەیشتووەتە سێ ھەزار و ٥٢٣ کەس کە تەنها ٢٥ کاندیدیان دووخراوەنەتەوە.

لەبارەی دورخستنەوەی کاندیەکانیش ئاماژەی بەوەدا، بڕیاری دوورخستنەوەی ئەو ٢٥ کاندیدە، بڕیارێکی بەرایییە و کاندیدە دوورخراوەکان دەتوانن لە بەردەم دەستەی باڵای ھەڵبژاردنەکان، تانەی لێ بدەن.

هاوکات، لەبارەی زیاتر کەمبوونەوەی ژمارەی کاندیدەکان وتیشی،  بە گوێرەی بڵاوکردنەوەی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان کەلە لەبارەی کاندیدەکانەوە بۆ ھەڵبژاردنی داھاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەنجامدراوە، ژمارەی کاندیدان کەم دەبێتەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە، بڕیارە لە ١٠ی مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق بەڕیوەبچێت و تیایدا ٢٥ ملیۆن و ١٣٩ ھەزار و ٣٧٥ دەنگدەر مافی بەشدارییکردنیان لە پڕۆسەکەدا ھەیە.