سەردێڕ:

ئەو ماددە خۆراکییە نوێیانەی بەسەر هاوڵاتیاندا دابەشدەکرێت تاوەکو کەی بەردەوام دەبێت؟

فۆتۆ: 
2021-06-13

12410 جار خوێندراوەتەوە

بەرێوەبەری چاودێری بازرگانی لە وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانی عێراق رایگەیاند، مانگی داهاتوو هاوڵاتیان هەشت ماددەی خۆراکی لە بەشەخۆراکی مانگانەدا وەردەگرن و وتیشی، کە ئەو بەشەخۆراک و ماددانە تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ بەردەوام دەبێت.


محەمەد حەنون بەرێوەبەری چاودێری بازرگانی لە وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانی عێراق باسی لەوەکردووە، ئەو ماددانە بریتییە لە: نیسک، نۆک، زەیت، شەکر، برنج، فاسۆلیا، دۆشاوی تەماتە و ئارد.

ئەوەشی خستوەتەڕوو، وەزارەتی نەوت پاڵپشتی بەشەخۆراکی مانگانەی هاوڵاتیان دەکات و وەزارەتی بازرگانیش سەرپشك کراوە لە زیاکردن و کەمکردنی جۆرەکانی تاوەکو ساڵی داهاتوو.

ئەمەش لەکاتێکدایە، لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا، حەسەن کەعبی جێگرى یەکەمى سەرۆکى پەرلەمانی عێراق دڵنیاییدا کە لە بودجەی ئەمساڵدا، بودجەی پێویستییان بۆ بەشەخۆراکى مانگانەى هاوڵاتیان دابینکردووە و ئاماژەی بەوەشکردبوو، "دەبێت بەشەخۆراکی ئەمساڵ جیاوازتر بێت لە ساڵانی رابردوو."

سیستمی بەشەخۆراکی مانگانە لە عێراقدا بە گوێرەی بڕیاری ژمارە ٩٨٦ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێوەدەڵەتی لە ١٤ی نیسانی ١٩٩٥ دەرچوو و لەمانگی ئایاری ١٩٩٦ـەوە کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە و ٩٠%ی خێزانە عێراقییەکان بەشێوەیەکی سەرەکی پشتیان پێدەبەست و تا ئێستاش کاریگەری لەسەر ژمارەیەکی زۆر لە خێزانەکان هەیە.

ئـ.مـ

هـ.ئـ